لە ئوردن نوێترین تەکنەلۆژی کشتوکاڵی فێری جووتیاران دەکرێت

رووداو - هەولێر

لە ئوردن تەکنەلۆژییەکی نوێی کشتوکاڵی فێری جووتیاران دەکرێت کە کەمترین ئاو و خاکی پێویستە و جووتیاران دەتوانن ئاو و پەینی کیمیایی دووبارە بەکاربهێننەوە.

گەورەترین بەربەستی بەردەم کشتووکاڵی ئوردن کەمی ئاو و کەمی خاکی بەپیتە، بۆیە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکی تایبەت بە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی، ئەویش لەڕێگەی پڕۆژەی تەکنەلۆژی کشتوکاڵی بەردەوام.

سیستەمە کشتوکاڵییەکە بەشێوەیەکە، ئەو ئاوەی رووەکەکانی پێ ئاودەدرێت، جارێکی دیکە بەکاردەهێندرێتەوە، بەوەش دەتواندرێت بڕێکی زۆر لە ئاو خەزنبکرێت، بەهەمانشێوەی ئاوەکە پەینە کیمیاییەکەش بۆ زیاتر لە جارێک بەکاردەهێندرێت. 

بەرپرسانی دەستپێشخەرییەکە چاویان لەوەیە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو تەکنەلۆژیەوە، بڕی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان زیادببن و ئوردن لە هەڕەشەی کەمی خۆراک بپارێزن.

ئەحمەد بەتانە، بەڕێوەبەری بنکەیەکی کشتوکاڵییە لە ئوردن، دەڵێت "لە ئوردن بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنین، لە ئاودا زۆر هەژارین و ئەوەش یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم کشتوکاڵی ئوردن. بۆیە ئێمە روومانکردووەتە کشتوکاڵی ئاو و کشتوکاڵی کەمترین خاک، ئەوەش بڕێكی زۆر لە ئاومان بۆ دەگەڕێنێتەوە، چونکە ئێمە سیستەمی "سێرکولەیشن" بەکاردەهێنین، هەمان ئاو کە رووەکەکانی پێ ئاو دەدرێت دەیهێنینەوە و جارێكی دیکە بەکاری دەهێنینەوە و هەروەها پەیینی کیمیاییش چەندین جار بەکاردەهێنینەوە". 

ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەرییە کشتوکاڵییەکە گواستنەوەی ئەو تەکنەلۆژییەیە بۆ زۆرترین جووتیاری ئوردنی.

هاوکات بیرۆکە و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە بە هاوکاری ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە و بڕیارە هەنگاو بە هەنگاو دوایین تەکنەلۆژیی کشتوکاڵی بە جووتیارانی ناوچەکە پێشکەشبکرێت.