کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای HKNی ئەمریکی کە لە کێڵگەی سەرسنگ کار دەکات لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رایگەیاند، لە رۆژی 25ی مانگی نیسانەوە دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە بەمەبەستی بەکارهێنانی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان.
وەک کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەڵێت، لە 25ی نیسان بەدواوە رۆژانە تێکڕا 22 هەزار بەرمیل نەوتیان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان فرۆشتووە و پێشبینی دەکەن تاوەکو هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆڕییەوە دەستپێدەکاتەوە رۆژانە لە نێوان 25 هەزار تاوەکو 50 هەزار بەرمیل لە بازاڕی نێوخۆدا بفرۆشن.
کۆمپانیاکە دەڵێت، لە دوای داخستنی بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە و لە دوای ئەوەی هەموو کۆگاکانیان پڕبوون، بە ناچاری لە 19ی مانگی نیسان بەرهەمهێنانی نەوتیان بە تەواوەتی راگرت.
وەک HKN دەڵێت، بڕی 600 هەزار بەرمیل نەوت کۆگاکراون و لە 25ی مانگی نیسانەوە بەرهەمهێنانی نەوتیان بەمەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆ دەستپێکردووەتەوە.
سەبارەت بە نرخی ئەو نەوتەی کە دەیفرۆشن، کۆمپانیاکە دەڵێت، نرخەکەی دەگۆڕێت، بەڵام هاوتەریبە لەگەڵ نرخی بازاڕی نێوخۆ.
داهاتی کۆمپانیای HKN لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 17.9٪ کەمتر بووە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو.
نرخی جیهانیی نەوت، بەگوتەی کۆمپانیاکە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 30.5٪ کەمتر بووە لە نرخی نەوت لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 18.2٪ بەرزبووەتەوە، بەوپێیەش بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی لەو ماوەیەدا قەرەبووی هەندێک لە دابەزینەکانی نرخی نەوتی کردووەتەوە.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 35 هەزار بەرمیل بووە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو کە 29.6 هەزار بەرمیل بووە.
کۆمپانیای HKN رایگەیاندووە، شایستە داراییەکانی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2022 و سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2023یان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێنەدراوە.