د. رێواز فایەق: لە هەولێر پارەی نەوت لە جێگەی داهاتی ناوخۆ دراوەتە بانک


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە بانکەکانی هەولێر پارەی نەوت لە شوێنی داهاتی ناوخۆ دادەنرێت بۆیە پێشتر کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا نەبوو، "بەڵام لە سلێمانی بەو جۆرە نییە." دەشڵێت: مانگێک پارەی نەوت نەبووە، کێشەی کەمیی نەختینە لە هەولێر و هەموو کوردستان دروستبوو.
 
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەهیان تەحسین باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، کێشەی مووچە، هەڵبژاردن و پەیوەندیی لایەنەکان و ناکۆکیی پارتی و یەکێتیی کرد. 
 
داهاتی سلێمانی لە چەند رۆژی رابردوودا کە بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە قسەی زۆری لەسەر کرا، هەر وەک لە مانگەکانی رابردووش بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان، کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دروستبووە. 
 
د. رێواز فایەق ئاماژەی بەوە کرد: "تەنیا ئەم مانگە پارەی نەوت نەهاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، لە بانکەکانی هەولێریش کێشەی نەختینە هەیە، بۆ؟" ئەو هەر خۆی وەڵامی دایەوە و گوتی، "چونکە لە رابردوودا، بەشێوەیەک لە شێوەکان بانکەکانی هەولێر لە پارەی نەوت پارەیان بۆ دەچوو تاوەکو ئەوکاتەی پارەی داهاتی نێوخۆ کۆدەبووەوە، بەڵام لە سلێمانی ئەوە نییە."
 
لەبارەی داهاتی سلێمانی، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: حکومەت وا مامەڵە دەکات کە دەبێت لە سلێمانی خۆت پارە پەیدا بکەیت، "من بڕێکت لێرەوە بۆ دەنێرم، ئەوەی دیکە خۆت پەیدای دەکەیت." دەشڵێت: چونکە پارەی داهاتی نێوخۆ رۆژانەیە، "ئەگەر پارەیەکی کەڵەکەبوو نەبێت و چاوەڕوانی پارەی رۆژانە بکەیت، کێشەی کەمیی نەختینە روودەدات کە لە سلێمانی هەبوو و ئێستا لە هەولێریش هەیە."
 
لەسەر دۆخی سلێمانی و سستی لە دابەشکردنی مووچە، رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی دا و گوتی، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە کە کۆی گشتی 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە هەولێر و هەموو هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی نەختینە لە بانکەکاندا هەیە، "بۆ هەمانە، چونکە پارەی نەوت نییە بیخەینە بانکەکانەوە تاوەکو پارەی رۆژ کۆدەکرێتەوە."
 
بەپێی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنووری سلێمانی 362 ملیار و 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک.    
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دۆخەکە ئەوەندە بە سیاسی کراوە، هەر کارێک لەم بوارەدا بکەیت، وەکو خۆی لێکنادرێتەوە. "بەداخەوە رەنگە راستیش بڵێیت، بڵێن 'رەهەندی سیاسی هەیە،' رەنگە بڵێیت 'داهات بەشێوەیەکی باش کۆناکرێتەوە'، یەکێتی بڵێت 'رەهەندی سیاسی هەیە،' بڵێیت 'بەباشی کۆدەکرێتەوە و ئەوەی حکومەت دەیڵێت راست نییە،' بڵێن 'ئەوەش رەهەندی سیاسی هەیە'."
 
کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە و لە ساڵی 2021ـەوە دەستی پێکردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە یەک ترلیۆن دینار.  

 

 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 20-4-2023 بە رووداوی راگەیاند، کێشەی نەبوونی نەختینە لە بانکەکانی هەولێر دروستبووە.
 
ئەوەی د. رێواز فایەق جەختی لێکردەوە تێڕوانینی یەک کوردستانە بۆ بابەتەکە، "سلێمانی و هەڵەبجەش هەرێمی کوردستانن و  هەر کەموکورتی و نەبوونی خزمەتگوزارییەک، یان کۆنەبوونەوەی پارە لە بانکەکان بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنەکانە."
 
وەزارەتی داراییش دەڵێت: کێشەکانی سلێمانی ئەم سێ خاڵەن:
 
1. کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە.                                      
2. رێککەوتنی دابەشکردنی داهات بە رێژەی لە ( 43٪ ) بە ( 57٪).       
3. نەمانی پارەی کاش (سیولە لە بانکەکان)