نەوت و کانزاکانی سلێمانی: نەوتەکەی بەغدا بەبێ کرێی گواستنەوە بە 150 هەزار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 7 ملیۆن و 125 هەزار لیتر نەوتیان بەسەر 35 هەزار خێزاندا لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی دابەشکردووە. دەشڵیت، ئەو بڕە نەوتەی گەیشتووەتە کۆگەکانی سووتەمەنی پارێزگای سلێمانی 9 ملیۆن و 150 هەزار لیترە، لەکاتێکدا پارێزگاکە پێویستی بە زیاتر لە 105 ملیۆن لیتر نەوتە.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ناوچە شاخاوییەکانی قەزای دووکان و پارێزگای هەڵەبجە، قەزای قەرەداخ، ئیدارەی گەرمیان و قەزای چوارتا نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام بەشێکی ئیدارەی راپەڕین و سنووری قەزای پێنجوێن ماون نەوتیان بەسەردا دابەشبکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا بهێنرێت.
سەلام عومەر گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 9 ملیۆن و 150 هەزار لیتر نەوت گەیشتووەتە کۆگاکانی سووتەمەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو بڕەی گەیشتووەتە پارێزگاکە یەک لەسەر 10ی بڕی پێویستە لە نەوتی سپی، چونکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر 527 هەزار خێزان هەن و پێویستی بە زیاتر لە 105 ملیۆن لیتری نەوت دەبێت؛ ئەگەر هەر خێزانێکیش یەک بەرمیل (200 لیتر) نەوتی پێ بدرێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 7 ملیۆن و 125 هەزار لیتر دابەشکراوە کە 35 هەزار و 625 خێزان نەوتیان وەرگرتووە، لە رۆژانی داهاتوودا دابەشکردنی نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکان لە سنووری راپەڕین و پێنجوێن بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای دابەشکردنی نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە کە نرخەکەی بە 103 هەزار دینار دیاریکراوبوو، هاونیشتمانییان و دانیشتووانی پێنجوێن، رەتیانکردەوە کە بەو نرخە نەوت وەربگرن، بەڵام بە گوتەی سەلام عومەر، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لە دوای کۆتایی هێنان بە دابەشکردنی نەوت لە راپەڕین، بڕی نەوتی پێویست بۆ سنووری قەزای پێنجوێن بنێرن.
لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی کە بڕیارە حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، سەلام عومەر گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نەوتەکەی بەغدا نەگەیشتووە و چاوەڕوانین لە داهاتوودا ئەو بڕە نەوتەی بڕیارە بنێردرێت بگات، بەڵام ئەو نەوتەی بڕیارە حکومەتی عێراق بینێریت، نرخەکەی گرانە و هەر لە شوێنی خۆی 150 هەزار دینارە بەبێ کرێی گواستەوە، بۆیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و پارێزگای سلێمانی نوسراویان کردووە بۆ ئەوەی نرخەکەی کەمبکرێتەوە."