یەک ئۆنسە زێڕ بە 2560 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5% دابەزاند، نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بەرزبووەوە بۆ 2600 دۆلار، بەڵام پاشان پاشەکشەی کرد بۆ نزیکەی 2455 دۆلار.

رۆژی پێنجشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دووبارە نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و هەر ئۆنسەیەک بە 2560 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوای راگەیاندنی بڕیاری کەمکردنەوەی سوودی بانکی رایگەیاند، "ئابووریی ئەمریکا هاوسەنگ بووەوە، ئەوەش بەو واتایەیە کاتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی هاتووە."
 
هەرچەندە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای کاڵاکان لە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئاماژەیەکە بۆ لاوازی ئابووریی ئەمریکا و بەوپێیەش کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی زێڕ تێکەڵاوبوون.
 
هاریش ڤی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (جیۆ جێت فاینانشیاڵ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، لە ئاستی مامناوەند دا کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی زێڕ."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، نرخی زێر لە نزیکەی 2550 دۆلار، هێڵی پاڵپشتی هەیە و ئەستەمە لەو ئاستە زیاتر دابەزێت. 
بەپێی هاریش ڤی، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند نرخی زێڕ دەتوانێت ئاستی 2614 دۆلار تاوەکو 2630 دۆلار بشکێنێت.