بودجەى 2024 بە ژمارە؛ سێ تریلیۆن دینار مووچە زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بودجەى 2024 دەگاتە نزیکەى 211 تریلیۆن دینار بە زیاتر لە 63 تریلیۆن دینارى کورتهێنانەوە. بەراورد بە 2023، سێ تریلیۆن دینار بۆ مووچە زیاد بووە. پارێزگاکان ئەم ساڵ دەتوانن زیاتر لە 21 تریلیۆن دینارى بودجەى لە ناکاو و ئەو پارەیە خەرج بکەن کە ئاسایشى خۆراک ماوەتەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا وردەکاریى خشتەى بودجەى ساڵى 2024ى بە ژمارە روونکردەوە.
 
ئەو روونکردنەوەیە لە دواى ئەوە بوو کە ئەنجوومەنى وەزیران خشتەى بودجەى بۆ ساڵى 2024 پەسند کرد و رەوانەى پەرلەمان کرد بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.
 
داهاتى پێشبینیکراو لە بودجەى 2024  گەیشتووەتە 144 تریلیۆن و 336 ملیار دینار، لە کاتێکدا خەرجییەکان بە 210 تریلیۆن و 936 ملیار دینار مەزندە کراوە، بەوپێیە کورتهێنان بۆ ئەم ساڵ 63 تریلیۆن و 599 ملیار دینارە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، کورتهێنان لە بودجەى 2023 زیاتر لە 64 تریلیۆن دینار بوو، کەمیى خەرجیى حکومەت لەو ساڵەدا وایکرد کورتهێنانەکە کەمبێتەوە و هاوکار بێت لە کەمکردنەوەى کورتهێنانى 2024.   
 
محەممەد شیاع سوودانى گوتى: "کورتهێنان لە هەموو بودجەکاندا پلانە نەک راستەقینە."
 
خەرجیی حاکیمە لە بودجەکەدا 10 تریلیۆن و 42 ملیار دینارە، لەکاتێکدا بودجەى وەبەرهێنان دەگاتە 55 تریلیۆن دینار. 
 
بڕى 10 تریلیۆن و 633 ملیار دینار لە بودجەى وەبەرهێنانى پارێزگاکان و سندووقى گەشەپێدانى پارێزگاکان بۆ ساڵى 2023 تەرخان کراوە. 
 
بەگوتەى سەرۆکوەزیران، بڕى حەوت تریلیۆن و 330 ملیار دینار ماوەتەوە کە لە هەژمارى سپاردەى دارایی پارێزگاکاندایە و لەژێر دەسەڵاتى حکومەتە خۆجیێیەکاندایە بۆ ئەوەى پڕۆژەکانى پێ پارەدار بکرێت.
 
پشکى پارێزگاکان لە بودجەى بارى لە ناکاو 11 تریلیۆن و 264 ملیار دینار بووە، 38٪ى لێ خەرجکراوە کە دەکاتە چوار تریلیۆن و دوو ملیار دینار، بەوەش حەوت تریلیۆن دینار ماوەتەوە. 
 
سوودانى گوتى: "لە ساڵى 2024 پارێزگاکان دەتوانن 14 تریلیۆن و 492 ملیار دینار لەو پارەیە خەرج بکەن کە لە بودجەى ئاسایشى خۆراک ماوە."
 
بەگوێرەى خشتەکان بودجە پارەى مووچە بۆ ساڵى 2024 زیاتر لە 62 تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا ساڵى 2023 بڕەکەى 59 تریلیۆن دینار بووە.  
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: 1321 پڕۆژەى تەواو نەکراو هەبووە کە لە چوارچێوەى یاسای بودجە کاریان تێدا کراوە، 120 پڕۆژە تەواو کران و 471 پڕۆژەى دیکە لە تەواو بوندان.