لە پەرلەمانی عێراق چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021 تاوتوێ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزیری پلاندانان و وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەک لەو فەرمانبەرانەی کە پۆستی باڵایان هەیە لەناو ئەو دوو وەزارەتە و پارێزگارەکان بە مەبەستی چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021 کۆدەبێتەوە.
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 19-4-2021ی حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پلاندانان و پارێزگارەکان لە پەرلەمانی عێراق، بە ئامانجی چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراقە کە تاوەکو ئێستا نەچووەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بڕیارە لەو هەفتەیەدا حکومەتی عێراق رێنوێنییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە دەربکات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی وەزیری دارایی داوایەکی پێشکەشکردووە بۆ دانانی باج لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
میکانزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغداش یەکێکە لە خاڵەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021، ئەوەی پەیوەندی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک لەنێوان هەردوو حکومەت پێکدەهێندرێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداو "ئەستەمە ئەم مانگە پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت" چونکە لیژنەکان هێشتا دەستبەکار نەبوونە، لیژنەکە بۆ ئەوەیە حیساباتی نێوان هەولێر و بەغدا بکات.
 
رۆژی 16-04-2021 وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی رایگەیاند بوو، کە کار بۆ جێبەجێکردنی هەموو بڕیارەکان و دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 دەکەن کە پەرلەمان پەسندی کردووە، بەڵام ئەو نووسراوەی کە واژۆی دکتۆر عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی لەسەرە تایبەتە بە بڕینی باج بەپێی بڕگەی "ج" لە ماددەی 34ـی یاسای بودجەی گشتی کە تێیدا پەرلەمان هەموو لێخۆشبوونەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لە دانی باج و گومرگ هەڵوەشاندەوە، جگە لەو باج و گومرگەی کە بەپێی یاسا وەردەگیرێن.