بەبۆنەی نەورۆزەوە بازاڕی دراو لە هەولێر و سلێمانی دادەخرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی پشووەکانی نەورۆزەوە، بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بۆ ماوەی شەش رۆژ و لە سلێمانیش 5 رۆژ دادەخرێن.
 
رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی سێشەممەوە بازاڕی گۆڕینەوەی دراو دادەخەن و تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بازاڕەکە ناکرێتەوە.
 
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی سێشەممەوە تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بازاڕی دۆلارەکە بەهۆی پشووەکانی نەورۆزەوە دادەخرێت.
 
حاجی سابیر باواجی گوتی، لە بازاڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک بە 156 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەکراوە. 
 
هەروەها گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی گوتی، لە سلێمانی 100 دۆلار بە 156 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە. 
 
نزمیی بەهای دینار لەکاتێکدایە؛ دوای پشووەکانی هەفتە، ئەمڕۆ یەکشەممە بانکی ناوەندیی عێراق 190 ملیۆن و 613 هەزار و 245 دۆلاری بە هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار خستەڕوو.