رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ توانی رۆژی چوارشەممە نزیکبێتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی لە مێژوودا و بۆ ماوەیەک بە 2939 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەرچەندە دوای چەند کاژێرێک نرخی زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و ئێستا لە دەوروبەری 2930 دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بانکی بەناوبانگی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی پێیوایە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی زێڕ دەتوانێت ئامانجی 3100 دۆلار بەدەست بهێنێت.
گۆڵدمان ساکس رایگەیاندووە کە خواستی بانکە ناوەندییەکان بۆ کڕینی زێڕ بەڕێژەی 9٪ زیاتر بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەڕیژەی 25٪ پێناسی گومرکی دەسەپێنێت بەسەر بەرهەمی ئۆتۆمبێل و ئەو دەرمانانەی کە هاوردەی وڵاتەکەی دەکرێن، ئەوەش گڕی زیاتری بەرداوەتە ئەو شەڕە بازرگانییەی کە هەڵیگیرساندووە.
دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رۆژی 6ی مانگی 11ی سڵی رابردوو، نرخی زێڕ دابەزی بۆ 2534 دۆلار، بەڵام لەو کاتە بەدواوە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 16٪ بەرزبووەتەوە.
ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ ئاشکرای کردووە لە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بانکە ناوەندییەکان 333 تۆن زێڕیان کڕیوە و ئەوەش لە ئاستی ساڵانەدا بەڕیژەی 54٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەم هەفتەیە بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی وردەفرۆشی و خانووبەرە و بازاڕی کاری ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی ئاماژەی نوێیان دەستکەوێت سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ