نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی و کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی خۆی هێنا. هەروەها، نرخی زێڕ، دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و هەر ئۆنسەیەکی بە 2574 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بازرگانانی نەوت چاوەڕێی بڕیاری ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی دەکەن، لەبەرئەوە بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن. بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دواجار نرخی نەوتی لە رۆژی چوارشەممە دابەزاندووە.
 
ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 20 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 73 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 22 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی سێشەممە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی یەک دۆلار بەرزبوونەوە بەهۆی وەستانی بەشێک لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە کەنداوی مەکسیکۆ بەهۆی باهۆزی فرانسین.
 
تەشەنەکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی نەوت لە رۆژی سێشەممە دروستکرد.
 
میتسۆرۆ مورایشی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ بازاڕی نەوت کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی خۆی هێناوە و بازرگانان چاوەڕێی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن".
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، "بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا رێگربووە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت".
 
پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، "قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا ئەم هەفتەیە بەبڕی 1.96 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە. ئەوەش هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە لە رۆژی چوارشەممە".
 
ئۆنسەیەک زێڕ بە 2574 دۆلارە
 
رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ پاشەکشەی کرد و دوور کەوتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی کە رۆژی دووشەممە تۆماریکردبوو.
 
رۆژی دووشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە 2590 دۆلار، بەڵام رۆژی سێشەممە دابەزی بۆ نزیکەی 2560 دۆلار و 30 دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستدا.
ئەمرۆ چوارشەممە دووبارە نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوەی بەخۆوە گرتووە.
 
بروکس پاوەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێف ئێکس ئیمپایەر) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئاراستەی نرخی زێڕ ئەمڕۆ گرێدراوە بە بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە سەر سوودی بانکی و ئەو رێژەیە کە کەمیدەکاتەوە.
 
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەی 0.50٪ سوودی بانکی کەمبکاتەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بۆ ئاستی 2650 دۆلار لە ئارادایە، بەپێچەوانەوە، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ دابەزێت.
 
ئەمڕۆ کاژێر 9:00ی شەو بە کاتی هەولێر بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
 
بەپێی پێشبینییەکان، لانیکەم بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2022 دادەبەزێنێت.