نرخی زێڕ بەرزبووەوە و نەوتی برێنتیش 94 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی گەشبینییەکان بە بووژانەوەی ئابووریی چین و نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن سعودیە و رووسیا، بەرزبووەوە، لەهەمان کاتدا نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 1929 دۆلار.
هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-9-2023) بڕی 39 سەنت بەرزبووەوە و بە 94 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 53 سەنت بەرزبووەوە و بە 91 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری CMC Market لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هاندانە ئابوورییەکانی چین، داتا ئەرێنییەکانی ئابووریی ئەمریکا و کەمکردنەوەکانی ئۆپێک پڵەس، سێ هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن."
یەکێک لەو هاندانانەی هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی چین بۆ پاڵپشتیی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کەمکردنەوەی مەرجی قەبارەی یەدەکی بانکە بازرگانییەکانە کە دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی نەختینە لەو وڵاتەدا.
ئەم هەفتەیە بازاڕەکانی جیهان چاویان لە داتای دیکەی ئابووری چینە، کە لەگەڵ بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی، رادەگەیێندرێن.
نرخی زێر بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1929 دۆلار
نرخی زێڕ بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک، ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا لەم هەفتەیەدا، بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1924 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1929 دۆلار، بەوپێیەش بەڕێژەی 0.25٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە بۆ جارێکی دیکە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی نەختی بانکەکە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدەن.
بەپێی بانکی گۆڵدمان ساکس لە ئەمریکا، بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم مانگەدا سوودی بانکی بەرزناکاتەوە، ئەمەش سەرەڕای داتا ئەرێنییەکانی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا.
بانکی ناوەندی ئەمریکا لەماوەی 18 مانگی رابردوودا 11 جار سوودی بانکی قۆناخ بە قۆناخ بەرزکردووەتەوە بۆ 5.5٪ .
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان. هەر چەشنە وەستان یان کۆتاییهێنان بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، دەبێتە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای کانزاکان.
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی داتا ئەرێنییەکانی چین، خواست بۆ کڕینی زێڕ بەرزبووەتەوە.
نووسینگەی نیشتمانیی ئاماری چین، رایگەیاند لە مانگی رابردوودا کەرتی وردەفرۆشی چین بەڕێژەی 4.6٪ لە ئاستی ساڵانەیدا بەرزبووەتەوە.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر رەوشی ئابووریی ئەوروپا دەبینێت، کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام.