نرخی نەوت بە رێژەیەکی کەم دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە رێژەیەکی کەم دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 3٪ بەرزببووەوە. هاوکات ئۆنسەیەک زێڕیش بە نزیکەی 1982 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18-5-2023) نرخی نەوتی برێنت 20 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەهەمان بڕ، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 72 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە بەهۆی گەشبینی بازرگانان بە دانوستاندنەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا، نرخی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بەرزببووەوە. کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، هەروەها هۆکارێکی دیکە بوو بۆ پاڵپشتی زیاتر لە نرخەکانی نەوت.
رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کێڤین ماککارتی، سەرۆکی کۆنگرێس رایانگەیاند، رێگە بە داخستنی حکومەت نادەن لەسەر قەرزەکانی و زیاتر لە جاران لە رێککەوتن لەو بارەیەوە نزیکبوونەتەوە.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانان چاوەڕێی ئاماژەی روونترن سەبارەت بە رێککەوتن لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان بۆ حکومەت".
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها گوتی، بازاڕی نەوت پێویستی بە ئاماژەی زیاترە لەسەر ئەوەی کە رێگەنادریت قەیرانی قەرزەکان ببێتە کارەساتێکی ئابووری، هەروەها خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە.
ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1982 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
نرخی زێڕ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023 لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1982 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانان و وەبەرهێنەرانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئاماری زیاتر لەسەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا دەکەن، بەتایبەتی گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە رۆژی هەینیدا.
لە چەند رۆژی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندبوو کە بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان پێویستە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی.
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی پیشەسازی و کەرتی وردەفرۆشی لە ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەریخست کە ئابووریی ئەمریکا هێشتا بە بەهێزی ماوەتەوە و هەستی بەکارهێنەرانیش لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەوەش بازرگانانی زێڕی بەو بڕوایە گەیاندووە کە رەنگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ سوودی بانکی لەم ئاستانەی ئێستا رابگرێت تاوەکو رێژەی هەڵاوسان بە کرداری دادەبەزێت.