نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ
نیگەرانی لە پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی بەهۆی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا، نرخی زێڕی بۆ ئاستێکی نوێی مێژوویی بەرزکردەوە.
ئەمە دووەم جارە نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەدا، ئاستی نوێی مێژوویی تۆماربکات. ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-3-2025) یەک ئۆنسەی بە 3011 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی زیاتر لە 0.2٪ بەرزبووەوە و بەخێرایی 3010 دۆلاری تێپەڕاند و هیچ هێمایەکی دابەزینی پێوەدیار نییە.
رۆژی هەینیی رابردووش، نرخی زێڕ ئاستی 3000 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا تەنانەت بەرزبووەتەوە بۆ 3017 دۆلار.
زێڕ، ئەو کانزایەیە کە لە کاتی تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، وەبەرهێنەران روو لە کڕینی دەکەن، بەتەنیا لەمساڵدا بەڕێژەی 14٪ نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
لە مانگی شوباتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەڕێژەی 25٪ لەسەر بەرهەمی ئاسن و پۆڵای هاوردەکراو جێبەجێکردووە. بڕیاریشی داوە پێناسە گومرگییە پێچەوانەکان لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتووەوە جێبەجێبکات.
ئێدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی مارێکس لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ لەبەر پێناسە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ و دابەزینی بەهای دۆلار، بەردەوامە لە بەرزبوونەوە."
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی جیهان دەپێوێت، رۆژی سێشەممە بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی 5 مانگی رابردوو، دابەزی.