ئەندامێکی لیژنەی دارایی: پێش جەژنی رەمەزان بودجەی گشتیی 2023 پەسند دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رژدە لەسەر جێبەجێکردن و پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەشڵیت، "بەگوێرەی رێککەوتنەکان بێت، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، پێش جەژنی رەمەزان لەلایەن پەرلەمانەوە بەسەند دەکرێت".
 
عەلاوی نیعمە بەنداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی حیکمەیە دەڵێت، دوای پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، چاوەڕێین لەماوەی هەفتەی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەشبینە بەو رێککەوتنەی لەنێوان لایەنەکان هەیە بۆ ئەوەی بودجە بەزوویی پەسەند بکرێت و دەڵێت، "پێشبینی دەکەین پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە زۆر کات نەخایەنێت و پێدەچێت پێش جەژنی رەمەزان پەسەند بکرێت، چونکە یەکەمجارە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولا رژدن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و پابەندبوون پێیانەوە".
 
عەلاوی نیعمە گوتیشی، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقە و هەموو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت تێیدا ئەندامن، رژدە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو رێککەوتن و بەڵێنەکان. سەردانەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و سەردانی هەفتەی رابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشن، چونکە حکومەت، حکومەتی خزمەتگوزارییە و دەبێت هەمووان شایستە داراییەکانی خۆیان لە بودجەکەدا وەربگرن.
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، رێژەی 12.67٪ـی بودجەیە. 
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی حیکمە دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیرکراوە و ئێستا تێڕوانینێکی هاوبەش هەیە لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان و هەموولایەک کۆکن لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ و پێکەوە کارکردن و ئێستا نیازپاکییەکی زۆرباش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای پەسەندکردنی رەشنووسی بودجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رایگەیاند: کۆی گشتیی بودجە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار دەبێت، بودجەی بەکارخستن 150 تریلیۆن و 273 ملیار دینار، بودجەی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە، کورتهێنانیش 63 تریلیۆن و 275 ملیار دینارە".
 
عەلاوی نیعمە گوتیشی، ئەو رێژەیەی وەکو کورتهێنان دیاریکراوە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە لە بودجەدا، ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە ماوەتەوە، دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەکاربهێنرێت و دەبێت بەگوێرەی داهاتەکان کار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بکرێت.