نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرزبووەوە

18-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەراورد بە سەرەتای ئەم هەفتەیە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 هەزار دینار بەرزبووەوە.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
 
عەیار 24 = 708 هەزار دینار
عەیار 22 = 647 هەزار دینار
عەیار 21 = 618 هەزار دینار
عەیار 18 = 530 هەزار دینار
 
شەممە نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 610 هەزار دینار بوو، هەروەها عەیار 22 بە 639 هەزار دینار، عەیار 18 مسقاڵی 522 هەزار و عەیار 24یش بە 697 هەزار دینار بوو.
 
لە بازاڕە جیهانییەکاندا ئەمڕۆ نرخی زێڕ پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی رۆژی رابردووی خۆی کرد و یەک ئۆنسەی بە 2903 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
جیوانی ستانۆڤا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە بانکی UBS لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەهۆی شەڕی بازرگانی و نیگەرانی لە لێکەوتەکانی، نرخی کانزای زەرد بەردەوامە لە بەرزبوونەوە."
 
ئەو شارەزایە دەڵێت: "پێشبینی دەکرێت بەو زووانە نرخی زێڕ بگاتە ئاستی 3000 دۆلار؛ خواستی بانکە ناوەندییەکان بۆ کانزای زەرد، پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
 
ترەمپ هەڕەشەی کردووە پێناسی گومرگیی زیاتر بەسەر بەرهەمی هاوردەکراو دەسەپێنێت لەنێوانیشیاندا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کە بە ئەگەری زۆرەوە لە سەرەتای مانگی چوارەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە