نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە و نەوتی سووکی تەکساس دابەزی

18-02-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ بە رێژەیەکی کەم دابەزی، دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر وێستگەیەکی نەوتی رووسیا، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
 
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-2-2025) لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 15 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 75 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەپێچەوانەی برێنت، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 47 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە نەوتی تەکساس مامەڵەی کەمی پێوەکرا بەهۆی رۆژی پشووی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا.
 
هەر دوێنێ هێرش کرایە سەر وێستگەیەکی نەوت لە باشووری رووسیا، کە نەوتی کازاخستان لەڕێگەی بۆڕییەوە دەگوازێتەوە بازاڕەکانی جیهان، ئەوەش نرخی نەوتی لەو رۆژەدا بەرزکردەوە.
 
سەرەڕای ئەوەش، شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (BMI) پێیانوایە بنەمای بازاڕی نەوت، لاوازە.
 
ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە کە بە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بازاڕی نەوت ناسراوە، پێشبینیی کردووە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، نرخی نەوتی برینت تێکڕا 76 دۆلار بێت.
 
BMI پێیوایە خستنەڕووی زۆری نەوت و شەڕی بازرگانی، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە