بەهای دۆلار و دینار؛ 100 دۆلار بە 160 هەزار و 700 دینارە


رووداو دیجیتاڵ 

بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە سەرووی 160 هەزار دینار جێگر بووە و ئەمڕۆ بە 160 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 18-01-2023، کاژێر 09:45ی بەیانی، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بازاڕی دراو کراوەتەوە، ئێستا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 700  دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت."
 
حاجی سابیر ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێرەکانی نیوەڕۆدا بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلار رادەگەیێنێت و بەگوێرەی ئەوە گۆڕانکاری بەسەر نرخی دراودا دێت. سەبارەت بە بەهای تمەنی ئێرانیش گوتی، تمەن پەیوەندی بە بازاڕەکانی ئێرانەوە هەیە و کاژێر 11:00 نرخی دیار دەبێت.
 
یەکشەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 219 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەهۆیەوە بەهای دۆلار بۆ نزیکەی 156 هەزار دینار دابەزی، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا بانکەکە بڕێکی کەمتری خستووەتە بازاڕەوە. بۆ نموونە، دوێنێ 63 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە و ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ زیاتر لە 160 هەزار دینار.
 
لە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 80 واژۆ کۆکراوەتەوە تاوەکو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەرلەمان لەسەر ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کاتی دانیشتنەکەی دیاری نەکردووە. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
 
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە و لە هەفتەی رابردوودا بەهای 100 دۆلار 161 هەزاری تێپەڕاند.