بەهای لیرەی سووری دابەزی؛ "خەڵک هەیە 90 ملیۆن دیناری زەرەر کردووە"
رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی سووری بەردەوامە لە دابەزین. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو لە سلێمانی دەڵێت، خەڵک هەیە بە یەک مامەڵە 90 ملیۆن دیناری زەرەر کردووە.
رۆژی سێشەممە، 17-12-2024 رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ملیۆنێک لیرە 250 هەزار دینارە. کەمی خواست و راپۆرتی میدیاکان هۆکارێکی سەرەکی دابەزینی بەهای لیرەیە".
دوێنێ نێردراوی رووداو لە دیمەش لە هەواڵەکانی ئابووری کاژێر 09:00ـی بەیانیدا چووە بازاڕی دراو لە پایتەختی سووریا و روونیکردەوە، کە بەهای دراوی ئەو وڵاتە لە بۆرسەدا بەرز نەبووەتەوە و یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 100 دۆلارە.
رەوەز میرزا دەڵێت، هاونیشتمانییان زیانی زۆریان کردووە. "کەسێک 200 ملیۆن لیرەی سووری کڕیوە ملیۆنی بە 700 هەزار دینار، بەو هۆیەوە 90 ملیۆن دیناری زەرەر کردووە".
شەممەی رابردوو ملیۆنێک لیرەی سووریا گەیشتە 700 هەزار دیناری عێراقی. دوێنێ دابەزی بۆ 370 هەزار دینار.
بەهای دراوەکانی دیکە ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە:
- 100 دۆلار بە 150 هەزار و 600 دینارە.
- 100 دۆلار بە 7 ملیۆن و 600 هەزار تمەنی ئێرانییە بە حەواڵە.
- 100 دۆلار بە 3 هەزار و 410 لیرەی تورکییە.
- 100 یۆرۆ بە 158 هەزار دینارە.
- 100 پاوەن بە 186 هەزار و 500 دینارە.
- هەزار کرۆنی سوێدی بە 122 هەزار و 500 دینارە.