نرخی نەوت بۆ نزیکەی 75 دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای دابەزینی بەرچاو لە دوێنێ، نرخی نەوت ئەمرۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنت 45 سەنت بەرزبووەوە بە 74 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەهەمان رێژە (45 سەنت) بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخەکانی نەوت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 7%ی بەهای خۆیان لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەو چەشنەی کە پێشبینییان کردبوو، بەرزنابێتەوە.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەوبارەیەوە رایگەیاند، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی نەوت چاوەڕێی دوو بابەت دەکەن. بابەتی یەکەم: "وردەکاریی پاڵپشتییەکانی حکومەتی چینە بۆ ئابوورییەکەی کە بڕیارە کۆنگرەی نیشتمانی چین ئاشکرای بکات و تیشک بخاتە سەر ئەوەی تاوەکو چەند پاڵپشتییەکانی حکومەت شوێنی خۆی لە بودجەی ئەو وڵاتە دەکاتەوە."
 
بابەتی دووەم کە گەورەترین کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێت، "چۆنییەتی وەڵامەکەی ئیسرائیلە بە هێرشە مووشەکییەکەی ئیران."
 
پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە ئاماری هەفتانەی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، کە قەبارەی نەوتی کۆگەکراو لە ئەمریکا ئەم هەفتەیە دابەزیوە و ئەوەش کاریگەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژی پێنجشەممەدا هەبووە.