وەزیری وزەی توركیا بۆ (رووداو): هەولێر و ئەنقەرە بەڵێننامەی وزەیان هەیە نەک رێککەوتن

رووداو - ئەنقەرە

وەزیری وزەی توركیا دەڵێت لەگەڵ بەغدا رێككەوتنیان هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەڵێننامەیان هەیە. ئاشكراشیكرد  لە 15 مانگی رابردوودا هەولێر 66 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە كە بەشێكی بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتووە.

تانەر یڵدز لە ئۆفیسی خۆی لە ئەنكەرە پێشوازی لە كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی باشووری كوردستان كرد و وەڵامی چەند پرسیارێكی تایبەت بە پەیوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان و بەغدا و داعشی دایەوە.

لەسەرەتای قسەكانیدا یڵدزدا دەركەوت كە تورکیا زۆر چاوی لەسەر بەشەكانی دیكەی عێراقە، چونكە زۆر بە تۆنێكی نەرمەوە باسی گرنگیی سامانە سروشتییەكانی عێراقی دەكرد و خۆشحاڵ بوو بە باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوە كرد کە توركیا لە پڕۆژەیەكی گەورەی وەبەرهێنانی خزمەتگوزاری نەوت و گاز لە عێراقدا بەشدارە، كە بەهاكەی دەگاتە 41 ملیار دۆلار، بەتایبەتی لە بواری نەوت لە میسان و بەدرە و رومێلە، لە گازی سروشتیش لە مەنسوور و سیا.

لە وەڵامی پرسیارێكی (رووداو)دا كە ئایا ئەو پڕۆژە گەورانە كار ناكەنە سەر رێككەوتنی وزە لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە، وەزیری وزەی توركیا گوتی "توركیا پشتگیری هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكات و دەیەوێ هاوكارییان بكات لە سوودوەرگرتن لە داهاتەكانیان بە یەكسانی".

یڵدز گوتیشی "ئەو رێككەوتنەمان لەگەڵ بەغدا نوێ نییە تاوەكو كاریگەریی هەبێ بەسەر هەولێرەوە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەهرستانی و بەشێكیشی رێككەوتنێكی كۆنی ساڵەكانی حەفتاكانە".

یڵدز لەسەر پەیوەندیی ئەنقەرە و بەغدا زیاتر دوا و گوتی "دەبێ بزانن ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا رێككەوتنی وزەی هەیە، بەڵام لەگەڵ هەولێر بەڵێننامەی وزەی هەیە كە جیاوازن، چونكە هەولێر دەستوور و بانكی ناوەندیی نییە".

بەرپرسەكەی توركیا دانی بەوەشدا نا كە ئەو بەڵێننامەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ 50 ساڵە و گوتی: "تەنیا لە بواری وزەدا نییە". بەبێئەوەی زانیاریی زیاتر بدات. ئێستا کۆمپانیا توركییەکان خاوەنی 6 كێڵگەی نەوتین لە باشووری كوردستان و بەنیازن بیكەنە 11 دانە.

زۆر لە پرسیارەكان لە وەزیرەكەی توركیا كە ئاگاداری ورد و درشتی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و عێراق بوو، تایبەت بوو بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا.

یڵدز بەنەرمییەوە دەستی دەهێنا بە ریشیدا و دەیگوت: "لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە، هەولێر و بەغدا رێكبكەون، چونكە بەبێ سەقامگیری ناتوانرێ سوود لە سامانە سروشتییەكان وەربگیرێ‌".

لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان، یڵدز كۆمەڵێك زانیاریی دا و گوتیشی هیچ دەستوەردانێك ناكەن لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەگوتەی وەزیری وزەی توركیا  "لە مانگی مایسی 2014ەوە هەرێمی كوردستان 71 ملیۆن تۆن نەوت كە دەكاتە 66 ملیۆن بەرمیل هەناردەكراوە بۆ بەندەری جەیهان و بە ئامادەبوونی نوێنەری هەولێر و بەغدا هەمووی تۆماركراوە".

رۆژانە هەندێكجار 500 هەزار بەرمیل بووە، هەروەها گەیشتووەتە 640 هەزاریش. یڵدز بە دووریشی نەزانی بەمزووانە بگاتە ملیۆنێك بەرمیل نەوت. لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەوان رازین هەولێر بە سەربەخۆیی نەوت بفرۆشێ، وەزیری وزەی توركیا هەرچەندە جەختی لەسەر گرنگیی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا كردەوە، بەڵام گوتی: "ئێستا هەرێمی كوردستان بەسەربەخۆیی نەوت دەفرۆشێ و پارەكە ناگەڕێنێتەوە بەغدا، چونكە عێراق بەهۆی كێشەی داراییەوە پارەی هەولێر ناداتەوە". 

لەبارەی داهاتەكەشیەوە گوتی: "ئەوە داهاتی خەڵكی عێراقە. توركیا تەنیا بەپێی رێككەوتنێكی لەگەڵ سۆمۆ پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرێ و هەقی ئەوەمان نییە چۆن دابەشدەكرێ".

تانەر یڵدز ئاشكراشیكرد كە یەك بەرمیل نەوتی عێراق یان كوردستان لە جەیهان بفرۆشرێ ئەوان تۆماریدەكەن و بەهەردوولا دەڵێن و ئامادەنین بەهیچ شێوەیەك بیشارنەوە و بۆ كەس كەم و زیادیبكەن. وەزیری وزەی توركیا نەیشاردەوە كە ئەو پارەیەی  ئێستا لە (هاڵك بانك)ە لە توركیا پارەی هەموو عێراقە.

لە بواری گازی سروشتیش، وەزیرەكەی توركیا پلانی خۆیانی هەبوو، كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستانەوە گاز وەربگرن لە ساڵی 2017دا، ئەو گوتی: "ئەوكات بەهۆی نزیكیی سنوورەوە دەتوانین بە نرخی كەمتر وەریبگرین، بەڵام ئەو قسانە راست نین كە باس لەوە دەكەن بە نیوەی نرخ بیكڕین".

لە بارەی گازی بەشەكانی دیكەی عێراقیش، تانەر یڵدز ئاماژەی بەوەكرد كە بەپێی رێسای بەغدا هەر كاتێك گاز بەشی خەڵك و كارەبای دابینكرد ئەوكات دەتوانن بیفرۆشن بەدەرەوە.

 تەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان - جەیهان بەشێكی دیكەی قسەكان بوو، وەزیری وزەی توركیا گوتی: "ئەو كارەی پەكەكە دەیكات زۆرترین زیانی بۆ كورد بووە". قسەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە كە زیانی  250 ملیۆن دۆلاری لێداون.

بەشێكی دیكە بریتیبوو لەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن توركیا سوود لە نەوتی ژێر دەستی داعش دەبینێ. 

تانەر یڵدز بە پێكەنینەوە وەڵامی دایەوە: "هاوڕێیان داعش بۆ ئێمە گروپێكی تیرۆریستییە و هیچ جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵ ناكرێ و ئەوانە هەڵمەتێكی پروپاگەندەیە و هیچ بەڵگەیەك نییە، جارێكیان كەسێك هات بۆ لام گوتی بەڵگەم هەیە، گوتم باشە بیهێنە ئەوا 15 مانگە چاوەڕوانم و نەیهێنا".

تانەر یڵدز گوتیشی "توركیایەك كە تەنیا ساڵی پار 52 ملیار دۆلار داهاتی لە بواری وزەدا هەبووە، چ پێویستی بە مامەڵەیە لەگەڵ گروپێكی تیرۆریستیدا!".