نرخی نەوت و زێڕ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی چین و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی لیبیا، دابەزی هەروەها نرخی زێڕ دابەزی و دوورکەوتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی مانگی رابردووی خۆی.
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-7-2023) بەڕێژەی 0.9٪ دابەزی و بە 79 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 67 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نووسینگەی ئاماری چین ئەمڕۆ رایگەیاند، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا گەشەی ئابووریی چین تەنیا بەڕێژەی 0.8٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش گومانی خستووەتەسەر بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە لەدوای تێپەڕاندنی قۆناخی پەتای کۆرۆنا.
وارن پاتێرسن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ING لەمبارەیەوە رایگەیاند، "گەشەی بەرهەمی ناوخۆی چین کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان، ئەوەش بازاڕی نیگەران کردووە لەسەر ئەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهان روو لە کەمبوونەوە بکات".
هەروەها دەستپێکرنەوەی بەرهەمهێنان لە دوو کێڵگەی نەوتی لیبیا، کە بەیەکەوە 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن و هەفتەی رابردوو بەهۆی ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەوە راگیرابوون، بووەتە هۆکاری دابەزینی زیاتری نرخەکانی نەوت.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1951 دۆلار دابەزی
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە رێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 1951 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەفتەی رابردووی دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا، نرخی زێڕ بەرێژەی 1.6٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1960 دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ نەیتوانی بەردەوام بێت لەبەر بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا و بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە.
ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی چین، کە ئەمڕۆ بڵاوبووەوە هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی زێڕ داناوە.
بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا و بەرزی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بوونەتە هۆی ئەوەی بازرگانانی زێڕ پێشبینی بکەن لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی بانکەکەدا، سوودی بانکی جارێکی دیکەی بەرزبکرێتەوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، کە دواجار دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ.