شاندى هەرێمى کوردستان رادەستکردنی داهات و ناردنی بودجە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شێوازی رادەستکردنى داهات و چۆنیێتى ناردنى پشکى بودجە، تەوەرى سەرەکیی کۆبوونەوەکانی شاندى هەرێمى کوردستان دەبن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق. شاندەکە لەگەڵ خۆیاندا "تەرازووى پێداچوونەوە"ـی داهات و خەرجییان بردووە و دیاریکردنى قەرەبووى پشکەکەى دواى راگرتنى هەناردەى نەوت لەگەڵ شاندێکى هاوشێوەى حکومەتى فیدراڵیى عێراق، یەکلایی دەکاتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 16-7-2023، شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا بۆ ئەوەى ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی لەبارەى پشکى بودجە لەگەڵ شاندێکى هاوشێوەى حکومەتى فیدراڵیى عێراق دەستپێبکات.
 
ئەندامانى شاندەکە پێکهاتوون لە ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوداچوون، لەگەڵ نوێنەرانى وەزارەتى دارایی، پلاندانان، سامانە سرووشتییەکان و دیوانى چاودێریی دارایی. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، شاندەکەى هەرێمى کوردستان زانیاری وردی لەبارەی چەند بابەتێك لەگەڵ خۆی بردووە، بەتایبەت تەرازووى پێداچوونەوە، کە تایبەتە بە خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو مانگەى، کە بەغدا بەشە بودجەکەى بۆ دەنێرێت کە پێویستە مانگانە ئەو زانیارییانە رادەستى بەغدا بکات.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "یەکێک لەو پرسانەى شاندەکە یەکلایی دەکاتەوە؛ چۆنیێتى هەژمارکردن و بڕینى 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکانە لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان".
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لە بەغدا ئەوە یەکلایی دەکاتەوە؛ بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ داهاتى نێوخۆیی دەکرێت و چۆن لە پشکى بودجە دەبڕدرێت کە لێژنەى هاوبەشى نێوان بەغدا و هەولێر ئەو کارە دەکات، یان لە بەغداوە شاندى تەکنیکی دێت یان هەرێمى کوردستان خۆى ئەو داهاتە دیاری دەکات.
 
یەکێک لە پرسەکانى دیکە کە بڕیارە یەکلایی بکرێتەوە ئەوەیە؛ "داهاتى فیدراڵی و نافیدراڵى لە هەرێمى کوردستان چین؟".
 
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023 ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتى، "دوای ئەوەی داوای مووچەی مانگی شەشمان کرد، دەچینە سەر شایستە داراییەکانی مانگی حەوتیش و دەبێت حکومەتی عێراق ئەوەش بنێرێت".
 
لیژنەیەک لەلایەن هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنى پرسی بودجە لە عێراق پێکهێنراوە و ئەندامەکانی بریتین لە سەرۆکی دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، نوێنەرانى دیوانی چاودێری دارایی، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی پلاندانان.
 
ئومێد سەباح دەڵێت، "ئەو لیژنەیەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پێکهێنراوە، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی دەستپێدەکات، کە کۆمەڵێک فایلمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین، لەوانە دارایی و نەوت بۆ ئەوەی وردبینی تەواو بکرێت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی. لەلایەن داراییشەوە کارمان لەسەر ئەوە کردووە، پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کە لە بودجە دیاریکراون، بەشێوەی مانگانە بگەنە دەستی هەرێمی کوردستان".
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى رووداو لە وەزارەتى دارایی عێراقەوە دەستى کەوتوون، ئەو 400 ملیار دینارەى لە 26ـی حوزەیرانى رابردوو وەک دوایین گوژمە بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە، بەشێک بووە لە بودجەى ئەو مانگە و وەک قەرز مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێت کە تێکڕا نزیکەى یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارە.
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی یەکشەممە 16-7-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەدواى دەرکردنى بڕیاری ناردنى چەند گوژمەیەکى 400 ملیار دینارى لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەو پارەیە لە پشکەکەى دەبڕدرێت بە لەبەرچاوگرتنى قەرەبووکردنەوەى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان لەدواى راگرتنى هەناردەى نەوتەکەى لە 25ى ئادار.
 
بڕى ئەو زیانەى بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کودستان لەرێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بەر بودجەى عێراق دەکەوێت مانگانە نزیکەى یەک تریلیۆن دینار بووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە 25ـی ئادارەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆریی جەیهانی تورکیا، راگیراوە.