جووتیار عادل: تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بڕیار لەبارەی لێبڕینی مووچە دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەموو هەوڵی حکومەت بۆ ئەوەیە لێبڕینی مووچە نەهێڵێت و تاوەکو کۆتایی هەفتەش بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەدرێت.
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاری لەپێشینەی حکومەت دابەشکردنی مووچەیە بەبێ لێبڕین، بەمەرجێ بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی 200 ملیارەکە، نەک مانگێک بدرێت و دواتر بەربەستی بۆ دروستبکرێت."
گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی دارایی سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتە بۆ دابەشکردنی مووچە." هاوکات دەشڵێت، جگە لە لێدوانەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی، لێدوانی دیکە فەرمی نین.
پێشتر عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان و سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم مانگە بە داهاتی نەوتی و ناوخۆ لەگەڵ ئەو پارەیەی لە بەغداوە هاتووە، دەتواندرێت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت، "لێبڕینی مووچە لەم مانگەوە کەمدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ مانگەکانی داهاتووش زۆر زیاتر کەمببێتەوە، بە مەرجێک حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی 200 ملیارەکە."
15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. 11ـی ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەکە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەم مانگەوە لێبڕینی مووچە بەتەواوەتی نەهێڵێت، چونکە قەرزی لەسەرە.