دیزاین... هونەرێكی فەرامۆشكراو لە بیناسازیدا

رووداو - هەولێر 

هونەری تەلارسازی لە هەرێمی كوردستان گەشەی كردووە، بەڵام هێشتا قۆناغی سەرەتایی نەبڕیوە و بە بەراورد لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی لە بواری تەلارسازی لە جیهاندا هەیە، لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە.


ئەو گەشە ئابوورییەی لە 10 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان روویداوە، گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەر دیزانی باڵەخانە و خانوودا هێناوە، بەڵام تەلارسازان پێیانوایە هێشتا هەرێمی كوردستان لەو رووەوە لەپاشە.

ئەندازیاری راوێژكار سەركەوت ئیبراهیم  كە خاوەنی نووسینگەیەكی ئەندازیاریی تەلارسازییە، دەڵێت :"هونەری تەلارسازی لە كوردستان بەرەو پێش چووە، بەڵام هێشتا قۆناغی سەرەتایی نەبڕیوە، چونكە پێشكەوتنەكانی تەلارسازی لەجیهاندا زۆر خێران و هەنگاوەكانی ئێمەش زۆر لەسەرخۆن".

 بەربەستی زۆر هەن كە رێگرن لەوەی باڵەخانەكانی هەرێمی كوردستان بە دیزاینی سەرنجڕاكێشتر لەوەی ئێستا دروست بكرێن، بەشێكیان پەیوەندیان بە رێنماییەكانی حكومەت و بەشێكی دیكەیان پەیوەندییان بە كولتوور و رۆشنبیریی خەڵكەوە هەیە . بەشێكیشی بەهۆی لاوازیی ئاستی ئەو ئەندازیارانەیە كە نەخشەسازی پرۆژەكانیان پێ دەسپێردرێ.

سەركەوت ئیبراهیم  كە نزیكەی 33 ساڵە نووسینگەی ئەندازیاری هەیە، دەڵێت :"بەهۆی ئەو گەشە ئابوورییەی لە 10 ساڵی رابردوودا لەكوردستان روویداوە، تارادەیەك خەڵك گرنگی نەخشەسازییان بۆ دەركەوتووە و وەك پێشتر خانوو و باڵەخانەكان بە هەڕەمەكیانە دروست ناكەن، شارەوانییەكانیش بەبێ نەخشە و دیزاین، مۆڵەت بە دروستكردنی خانوو و باڵەخانە نادەن، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا خانوو و باڵەخانەكان بەكواڵیتی باشتر دروستبكرێن".

هێشتا هەندێك كەس خۆیان یان بەننا دیزانی خانووەكانیان بۆ دەكەن. ئەو ئەندازیارە دەڵێت :"ئەو جۆرە نەخشانە نابێ‌ پەسەند بكرێن، بەڵام هەندێك ئەندازیار لەبەرامبەر دەستكەوتنی بڕە پارەیەك مۆری خۆیان لە دیزاینەكە دەدەن.

سەبارەت بە نرخی دیزاینی خانوو و باڵەخانە، ئەندازیار سەركەوت دەڵێت: "نرخی دیزاینی خانوویەكی 200 مەتری لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 3000 دۆلار، بەڵام نرخی دیزاینی باڵەخانە و مۆڵەكان جیاوازە، لە 100 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 500 هەزار دۆلار".

بۆ پێشكەوتنی تەرلاسازی لە هەرێمی كوردستان ئەندازیارانی تەلارسازی بەپێویستی دەزانن سەندیكایەكی تایبەت بە ئەندازیاری تەلارسازی دابمەزرێت و پێداوچوونەوە بە رێنماییەكانی شارەوانی بۆ دروستكردنی خانوو و باڵەخانە بكرێت و بەجۆرێك دابڕێژرێنەوە كە هەم ئەندازیار رابگرێت لەوەی چی دروست دەكات و هەمیش دەرفەتی پێ ببەخشێت كە داهێنان بكات.
سەركەوت ئیبراهیم دەڵێت: "ئەندازیارانی عێراق بەگشتی خاوەنی بیرۆكەی زۆر جوانی تەلارسازین و تواناشیان بۆ جێبەجێكردنی دیزاین لە ئاستێكی بەرزدایە، بەڵام بەداخەوە رۆشنبیری خەڵك و كاربەدەستان بۆ گرنگی تەلارسازی لەو ئاستە نییە، بۆیە وەك پێویست زەمینەیان بۆ نەڕەخساوە."

بەهۆی جێبەجێكردنی یەك رێنمایی لە سەرجەم گەڕەكەكانی شاری هەولێر جیاوازییەكی ئەوتۆ لە خانوو و گەڕەكەكاندا بەرچاو ناكەوێت، تەنانەت دیزاینی خانوو و شەقامەكانی هەندێ گەڕەك ئەوەندە نزیكن لەیەكدی ئەگەر كەسێك زۆر شارەزا نەبێت واهەست دەكات هەمان كۆڵان و گەڕەكە.
سەركەوت دەڵێت: "خەڵكانێك هەن لەكاتی دروستكردنی خانوودا حەزیان لە دیزاینی جیاوازە، بەڵام رێنمایی شارەوانی ئەوەندە وشك و كۆنكریتییە ئەو بوارە بۆ ئەندازیار ناڕەخسێنێ شتێكی ناوازە بكات".

بەشدار رەزا گوڵ بەرزنجی، بەڕێوەبەری شارەوانی پێنجی هەولێر، دەڵێت: "جگە لە گەڕەكی 32ی پارك و ناوچەی دەوروبەری قەڵا كە لە ژێر رێنمایی یونسكۆدایە، سەرجەم شارەوانییەكانی هەولێر یەك رێنمایی جێبەجێ دەكەن، كە ئەویش بریتییە لە بەرزیی دیاریكراو، كشانەوەی خانوو بەگوێرەی جۆری خانووەكە، رێنماییەكان هیچ كۆت و بەندێكیان تێدانییە بۆ زەوقی خەڵك، ئازادن لەوەی چی بۆ رووپۆشی خانووەكانیان بەكاربهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێگە نادرێت خەڵك دیزاینی زۆر جیاواز بەكاربهێنن كە نەگونجێ لەگەڵ خانووی كۆڵان یان گەڕەكەكە".

جگە لە دیزاینی رووكاری خانوو و باڵەخانەكانی كوردستان لە ناوەوە، كواڵیتی كەرەستەكانیشیان بێ‌ گرفت نین.

بەختیار سەدرەدین شەریف، بەڕێوەبەری نەخشەدانان و ئاوەدانی لە شارەوانیی هەولێر، دەڵێت: "بەهۆی بازاڕی ئازاد نەتوانراوە رێ لە هاوردەكردنی كەرەستەی خراپ بۆ هەرێمی كوردستان بگیرێ، بەتایبەت لەڕووی كوالیتی ساردی و گەرمی و هاتنەناوەوەی دەنگ".

بەختیار سەدرەدین گوتیشی: "بەنیازین لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان رەشنووسێك ئامادە بكەین و بیكەین بە یاسا یان رێنمایی بۆ كوالیتی ئەو كەرەستە بیناسازیانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، چونكە هەر وڵاتێك بەگوێرەی كەشوهەواكەی بۆ هاوردەكردنی كەرەستەی بیناسازی كۆدی تایبەت بەخۆی پەیڕەو دەكات، بەڵام لە عێراق تائێستا شتێكی لەم شێوەیە نییە."

جوانیی دیزاینی باڵەخانە تەنیا لەسەر بیرۆكەی ئەندازیاری تەلارسازی ناوەستێ، بەڵكو پێویستە كۆمپانیای جێبەجێكاریش بتوانێ ئەم دیزاینە جێبەجێ بكات.

بەختیار سەدرەددین دەڵێت: "ئەندازیارە تەلارسازەكانمان بیرۆكەی زۆر جوانیان هەیە، بۆیە ئێمە زۆر گرفتمان لەبیرۆكەی دیزاین نییە، بەڵكو زیاتر گرفتمان لەجێبەجێكردن و سوودوەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای سەردەمە، بەداخەوە كۆمپانیاكان لەم بوارەدا زۆر پێشكەوتوو نین."  

هونەری تەلارسازی لەهەر وڵاتێك  لە سێ‌ كۆڵەگە پێكدێ‌، ئەوانیش بریتین لە كوالیتی، تێچوو، ماوە. ئەم سێ كۆڵەگەیە وادەكات ئاستی تەلارسازی بەرزبێت یان نزم، لە كوردستان گرفت لە هەر سێ كۆڵەگەكەدا هەیە.

د.سەلاحەددین یاسین، سەرۆكی بەشی تەلارسازی لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەددین دەڵێت: "لەڕووی كواڵیتی كێشەمان نییە، چونكە ئەندازیارانی تەلارسازی خاوەن بیرۆكەی زۆر جوانن، بەڵام گرفتمان لە تێچوو هەیە، چونكە هێشتا خەڵك وەك پێویست گرنگی بە كواڵیتی دیزاین نادەن، فاكتەرێكی دیكە بریتییە لە كات، پەلەپەلی زۆر دەكرێت، بۆ نموونە لەماوەی رابردوو بەهۆی گەشەی ئابووری، زۆر بەخێرایی گەڕەكی زۆر لە هەولێر دروستكران بێ ئەوەی بیر لە دیزاینی گەڕەكەكان بكرێتەوە".

 دكتۆر سەلاحەددین گوتیشی: "ئێستا لە دروستكردنی خانوو و باڵەخانەدا سێ ئاراستە هەیە: ئاراستەیەكی بازرگانییە كە گرنگی بە كات و كواڵیتی و تێچوو نادات، ئامانجەكەی بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجە لە كەمترین ماوە. ئاراستەی دووەم حەزی لە دیزاینی جوان و كوالیتی باشە، بەڵام توانای دارایی لاوازە، ئاراستەی سێیەم گرنگی بە هەموو شتێك دەدات، نموونەیەكی زۆر جوان دروست دەكات، بەڵام لێرە كێشەی كۆپیكردن هەیە، بۆیە ئەو شتە جوانانەش دواجار لەنێو كۆپییەكاندا ون دەبن".