لە 83 رۆژدا هەرێمى کوردستان بەهۆی راگرتنی نەوت نزیکەی 2.4 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
لە 25ـى ئادارەوە دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان راگیراوە، کە تاوەکو 16ـی حوزەیران دەکاتە 83 رۆژ، بەو پێیە زیانەکانى هەرێمی کوردستان نزیکەی 2.4 ملیار دۆلار بووە.
بەر لە راگرتنى هەناردەى نەوت، هەرێمى کوردستان نزیکەى 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردە دەکرد. بەگوێرەى ئەو ئامارانەى کۆمپانیاى دیلۆت لەبارەى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، مانگانە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 50% داهاتى نەوتەکەى بۆ خەرجى و حەقدەستی کۆمپانیاکان و قەرز و گواستنەوە دەڕوات.
تێکڕاى زیانى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت لە هەرێمى کوردستان لەو ماوەیەدا دەگاتە زیاتر لە یەک ملیار و 195 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار.
لە شەش رۆژى کۆتایی مانگى ئادار کە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان راگیراوە، زیانى 189 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار لە بوجەى گشتیى عێراق داوە کە هەر بەرمیلێک نەوت لەو مانگەدا بە 79 دۆلار فرۆشراوە، بەوپێیەى نیوەى داهاتەکەى کە بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرکانى نەوت دەچێت، ئەو زیانانەى کە بەر ئەو کۆمپانیانە کەوتوون گەیشتووەتەوە 94 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار.
لە مانگى نیساندا زیانەکانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 888 ملیۆن دۆلار و پشکى زیانى کۆمپانیاکان دەکاتە زیاتر 440 ملیۆن دۆلار، لەو مانگەدا یەک بەرمیل نەوتى عێراق بە 74 دۆلار فرۆشراوە.
لە مانگی ئایاردا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە، بەوپێیە هەرێمی کوردستان و عێراق 884 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار زیانیان لە ئەنجامی راگرتنی نەوتی کوردستانەوە پێگەیشتووە، لەوەش کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت زیاتر لە 442 ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.
لە نیوەی یەکەمی مانگی حوزەیراندا، نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان 72 بۆ 74 دۆلار بووە، ئەگەر تێکڕا بە 73 دۆلار وەریبگرین، هەرێمی کوردستان 438 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، لەوەش کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت زیاتر لە 219 ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی مادەی یەکی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت. ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقیش کە تایبەتن بە مانگی ئادار دەریدەخەن، عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە 74 دۆلار و 38 سەنت فرۆشتووە، بەڵام لە 83 رۆژی رابردوودا، عێراق بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕایی بە 72 دۆلار فرۆشتووە. بەو پێیە نرخی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە لە رۆژێکدا دەکاتە 28 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار، واتە مانگانە 864 ملیۆن دۆلار قەبارەی ئەو زیانەیە کە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگات.
جگە لەوانە، لەدەستدانی 300 مێگاوات کارەبا بەهۆی بەرهەمنەهێنانی نەوتەوە زیانێکی دیکەی راگرتنی هەناردەی نەوتە.
راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، جگە لە لەدەستدانی نیوە زیاتری داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر درەنگکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانیش هەیە.
دوایین هەوڵەکانیش بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەغدا و ئەنقەرە رێککەوتوون بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە. باسم محەممەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی حکومی راگەیاندووە، "رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی."