ئابووریناسان پێشبینی دەکەن بەهای یەک دۆلار بەرزببێتەوە بۆ 23 لیرە

رووداو دیجیتاڵ 

خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا نەیتوانی سەرۆککۆمارێک بۆ ئەو وڵاتە یەکلابکاتەوە، بەشێکی شرۆڤەکارانی ئابووریش سەرکەوتنی ئەردۆغان بە سیناریۆیەکی خراپ بۆ بەهای لیرە لێکدەدەنەوە.   
 
بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، زیاتر لە 99٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ سەرۆککۆماری تورکیا رێژەی 49.46٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
لەدوای ئەویش کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کە بانگەشەی چاکسازیی ئابووری دەکات، رێژەی 44.79٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
ناڕوونیی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان، بەهای لیرەی بۆ ئاستێکی مێژوویی دابەزاند و بەهای بۆرسەی ئیستەنبووڵ بە رێژەی لەسەدا 6.15 دابەزی. 
 
مایک هاریس، دامەزرێنەی کۆمپانیای راوێژکاری گریبستۆن ستراتیژیک لەو بارەیەوە رایگەیاند "بەداخەوە، وەک پێدەچێت 49٪ـی خەڵک دەنگیان بە قەیرانی ئابووری داوە. لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، بە ئەگەری زۆرەوە لیرە دادەڕمێت".
 
برێندان ماک کێنا، شارەزایەکی دیکەی ئابووریی سەر بە بانکی وێڵس فارگۆ، لەو بارەیەوە دەڵێت "زۆریی ژماری دەنگەکانی ئەردۆغان لە خولی یەکەمدا، یەکێکە لە خراپترین سیناریۆکان بۆ لیرە و بۆرسەی تورکیا".
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لەسەر چەندین پرسی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا گرژییان تێکەوت. شرۆڤەکاران پێیانوایە بۆ باشبوونەوەی رەوشی ئابوورییەکەی، دەبێت تورکیا روو لە رۆژئاوا بکاتەوە.
 
کۆنستانتینۆس فیلیس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی گڵۆباڵ ئەفێرز باسی ئەو پەیوەندییە دەکات و، دەڵێ "ئەردۆغان دەزانێت چۆن خۆی لەگەڵ راستییەکاندا بگونجێنێت، ئابووریش پرسی هەرە لەپێشینەی دەبێت. ئەگەر بەنیازی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانییە بۆ ئەوەی ئابووری (ـی تورکیا) رزگاربکات کە بۆ ماوەیەکە لە رەوشێکی زۆر خراپدایە، دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا باش بکاتەوە".
 
شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن تاوەکو بەڕیوەچوونی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە 28ـی ئەم مانگە، بەهای لیرە و بۆرسەی ئێستەنبووڵ ناجێگیر بن. 
 
برێندران ماک کێنا، یەکێک لەو ئابووریناسانە، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز، بەهای یەک دۆلار بەرزببێتەوە بۆ 23 لیرە، لەکاتێکدا ئێستا بەهاکەی 19.7 لیرەیە.