شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی گوتوویەتی لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە
رووداو هەولێر
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتووە، بەدوای چوارچێوەیەکەدا دەگەڕێن کە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتوودا باسی بکەن بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو دەستیپێکردنەوەی هەناردەی نەوت؛ دەشڵێت، سوودانی گوتوویەتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات بەشداری کرد و گوتی، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکەن و ئەگەر تاوەکو پاشیڤ رێکنەکەوتن، سبەی دووشەممە بەردەوامی بە کۆبوونەوەکە دەدەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، حکومەتی عێراق گوتوویەتی چاوەڕوانی وەڵامی تورکیا بوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئێستا تورکیا وەڵامی داوەتەوە و سوودانی گوتوویەتی: "تێگەیشتن دروستبووە و لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا نەوتەکە هەناردە دەکرێتەوە".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ خستنە بەرنامەی کاری بودجە نەبووە بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و گوتی: "ئەگەر حکومەت بیەوێت پابەندییەکانی بەرامبەر خەڵک جێبەجێ بکات، ئەوە دەبێت بودجەی هەبێت. بۆیە لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بڕیارماندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت. دوێنێ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانیش گفتوگۆمان کرد و ئەویش دواجار رەزامەندی دەربڕی".
لەبارە هۆکاری ناڕەزایی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پڕۆژەیاسای بودجە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، بۆ خوێندنەوەی یەکەمیش حەلبووسی بە هەندێک هۆکاری خۆی لەگەڵ خستنە بەرنامەی کاری نەبووە، بەڵام "من و جێگری یەکەم رژدبووین لەسەر ئەوەی بودجەکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. حەلبووسی گوتی ناتوانێ بەرگەی ئەو گوشارە بگرێت و ئەوە بوو مۆڵەتی وەرگرت".
"بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت"
شاخەوان عەبدوڵڵا پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ ناوهێنا و گوتی: "بودجە بۆ ئێمەش زۆر گرنگە، بەتایبەت بابەتی پێشمەرگە، نەوت و بەشی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها ئەم جارە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە؛ بۆیە بۆ ئێمەش گرنگە کە پڕۆژەکە تێپەڕێت و رێگەمان نەداوە دوابخرێت؛ هەوڵ دەدەین تاوەکو دوای جەژن لیژنەی دارایی کەموکورتییەکان تەواو بکات و دوای جەژن دەنگی لەسەر بدرێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد کە ئەو و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان وێڕای ئامادەنەبوونی حەلبووسی بەهۆی مۆڵەتەوە بڕیاریارنداوە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکەن؛ گوتیشی: "دواتر سەرۆکی پەرلەمان رژدیی ئێمەی بینی و پێی خۆشبوو بێت و بەشداربێت؛ ئەویش لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەگەڕێتەوە پەرلەمان و بەشدار دەبێت".
لە پڕۆژەیاسای بودجەدا چەند کەموکورتییەک لە ژمارەکاندا هەیە و بەگوێرەی یاسا، پەرلەمان ناتوانێت بێ هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق دەستکارییان بکات. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "بۆ نموونە، بۆ پێشمەرگە ژمارەیەکیان داناوە و دەڵێن ئەوەندە هەزار هەن لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگرییدا بودجەیان بۆ دانراوە. کاتێک تەماشای ژمارەکان دەکەی، جیاوازی هەیە و خۆشیان گوتیان هەڵەکراوە و بڕیاریاندا هاوکار بن و دوای چاککردن بنێردرێتەوە پەرلەمان".
"لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە"
دوێنێ شاخەوان عەبدوڵڵا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، بە دووقۆڵی کۆبوونەتەوە و ئەو بابەتانەی باسکراون پەیوەندیداربوون بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا.
پێش کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کردووە لەسەر هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 20 رۆژە راگیراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت، ئێستا تۆ لەبەردەم بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و یاساییدایت بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتەی نەوتەکە دەنێردرێتەوە. لەبەرامبەردا سوودانی گوتی، بەدوای چوارچێوەیەکەدا دەگەڕێن کە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتوودا چۆن ئەو بابەتە بخەنەڕوو".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، حکومەتی عێراق گوتوویەتی چاوەڕوانی وەڵامی تورکیا بووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئێستا تورکیا وەڵامی داونەتەوە و سوودانی گوتوویەتی: "تێگەیشتن دروستبووە و لەماوەی ئەم دوو تاوەکو سێ رۆژەدا نەوتەکە هەناردە دەکرێتەوە. هیچ بەربەستێک نەماوە و تیمی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت قسە دەکەن و هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکەنەوە".
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان "زیانێکی گەورەی" بە عێراق گەیاندووە، بەتایبەت کە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتووە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان بخرێتە سەر نەوتی عێراق و هەناردە بکرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، لایەنی عێراقی چاوەڕوانی بەربژێری هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ جێگری سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کە یەکێکە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا.
"دەبێت حکومەتی عێراق پاشەکەوت و قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت"
لەبارەی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "هۆکاری بڕینی نەوت حکومەتی عێراقە، بۆیە ئەرکی یاسایی لەسەرە قەرەبووی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. ئەوەم بە سوودانیش گوت و ئەویش گوتی، ناکرێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبەر راگرتنی نەوت بێ مووچە بن. دەبێت تاوەکو هەناردەکردنەوەی نەوت، حکومەتی عێراق قەرەبووی ئەو بابەتە بکاتەوە و لە رۆژی سێشەممەدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن قەرەبووەکە بکاتەوە".
لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانەوە کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاندووە، نووسراویان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی لە بودجەدا پارەی بۆ تەرخانبکرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، بابەتەکە تەنیا پاشەکەوت نییە و قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە، کە قەرزەکان لە ئەنجامی ئەوە بوو ساڵی 2014 حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی؛ گوتیشی: "دەبێت حکومەتی عێراق دانەوەی قەرزەکان و پاشەکەوت لە ئەستۆ بگرێت".