بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 174 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو؛ 100 دۆلار 143 هەزار و 700 دینارە


رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 174 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو. ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێت، ئەو بڕە کەمە و بەهۆیەوە هەر 100 دۆلار 500 دینار بەهاکەی بەرزبووەتەوە.

دوای دوو رۆژی پشووی هەفتە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی نیسانی 2023، بانکی ناوەندیی عێراق 174 ملیۆن و 626 هەزار و 610 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە 34 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بۆ نەختینە و ئەوی دیکەی بۆ حەواڵەیە.
 
دوای پشووی هەفتە، ئەمڕۆ بازاڕی دراوی هەولێریش کرایەوە. حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەیانی بازاڕ کرایەوە، 100 دۆلار بە 143 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا؛ دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق ئەو بڕە پارەیەی خستەڕوو کە کەمە، ئێستا 100 دۆلار بە 143 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت".
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 143 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. لەبارەی بەهای تمەنی ئێرانییەوە حاجی سابیر باواجی گوتی، ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 5 ملیۆن و 30 هەزار تمەنە.
 
رۆژی 11-12-2022، بۆ یەکەمجار دوای نزیکەی دوو ساڵ، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و دواتر گەیشتە 175 هەزار دینار.
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دینار، رۆژی 7-2-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بەشێوەیەک 100 دۆلار بدرێتە 130 هەزار دینار بە بانکەکان و بە 132 هەزار دینار بگاتە کۆمپانیاکان.
 
9ـی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار بەهای دینار بەرزبوویەوە و 100 دۆلار بە 145 هەزار مامەڵەی پێوەکراو و دواتر بەهای دینار بەرزتربوویەوە و 100 دۆلار بوو بە 142 هەزار دینار.