پێشانگەی نێودەوڵەتی کەلوپەلی خواردن و جلوبەرگ لە دهۆک دەکرێتەوە

رووداو- دهۆک

بەبەشداریی 60 کۆمپانیا ئەمڕۆ پێشانگەی نێودەوڵەتی کەلوپەلی خواردن، جلوبەرگ، جوانکاری، ئامێرە کشتوکاڵی، کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان لە دهۆک دەکرێتەوە.


بڕیارە کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە 15-9-2019 پێشانگەی نێودەوڵەتی دهۆک بکرێتەوە، ئیسماعیل سەعید، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆک لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکانی هیند، پاکستان، سەنیگال، میسر، کۆمپانیا عێراقی و نێوخۆییەکان، لە پێشانگەکەدا بەشدارن".

بە گوتەی ئیسماعیل سەعید، کەلوپەلەکان بە رێژەی 50% داشکاندنیان بۆ کراوە، چونکە لە وڵاتانی دوورەوە هاتوون، کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن ئەو کەلوپەلانەی لەگەڵ خۆیان هێناویانە بیفرۆشن و نایانەوێت لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە داشکاندن لە کەلوپەلەکان دەکرێت.

پێشانگەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژانە لە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ تاوەکو کاژێر 20:00 بەڕووی هاونیشتمانیاندا کراوە دەبێت.