دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ 'پارە بەردەستە و بێ کێشەیە'
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 15ی ئایار، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان دەڵێت، "دابەشكردنەکە بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت."
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەستپێدەکات.
ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خانەنشینی مەدەنی لە بانکەکەمان بێ کێشە دابەش دەکرێت و پارەی پێویست بەردەستە."
دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی 168 ملیار دینار بە سێ گوژمە وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار لە 06-04-2024 دەستیپێکرد و 8ی هەمان مانگ دابەشکردنی کۆتاییهات.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 940 ملیار دینارە.