نرخی زێڕ بەرزبووەوە؛ زێڕی عەیار 21 بە 495 هەزار دینارە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ دەستی بە بەرزبوونەوە کرد بەتایبەتی لەبەر هێرشەکەی درەنگانی شەوی شەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دووبارە گەڕایەوە سەرەووی 2350 دۆلار و تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر، یەک ئۆنسەی بە 2358 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەفتەی رابردوو لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی زێڕ تاوەکو 2430 دۆلاریش بەرزبووەوە، بەڵام پاش چەند کاژێرێک دابەزی بۆ 2335 دۆلار.
 
نیگەرانی و ترسی بازاڕەکان لە پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، سەڕەرای ئەوەی هێرشەکە بەپێی بەرپرسانی ئیسرائیل زیانی گەورەی بەدواوە نەبوو، هۆکار بوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هەروەها بەهای زێڕ کە وەک سامانی سەلامەت مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
 
بازرگانانی زێڕ ئەمڕۆ چاویان لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی وردەفرۆشی ئەمریکایە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختینەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابنێت.
 
زوانی مێهتا، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی ( ئێف ئیکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند "بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدری دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، رەنگە دواجار ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لە ماوەی کورتخایەندا."

 

زێڕی عەیار 21 لە هەرێمی کوردستان مسقاڵی بە 495 هەزار دینارە 
 
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش زێڕ بە بەرزترین نرخەکانی مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەولێر نرخی زێڕ بەمشێوەیەیە: 
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 560هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 515 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 495 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 430 هەزار دینار
 
سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر هەروەها دەڵێ "هەر گۆڕانکارییەک له نرخەكان، پەيوەستە بە بەهاى دۆلار لە بازاڕەكانى هەرێمی کوردستان و بۆرسەكانى جيهان."