فوئاد حوسێن: هەولێر و بەغدا کاردەکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

15-02-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار لەسەر چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان دەکەن بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکەنەوە. دەشڵێت، وەستانی هەناردەکردنی نەوتەکە 19 ملیار دۆلار لەسەر عێراق کەوتووە.
 
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا میدیای ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فوئاد حوسێن کرد. 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەکردنەوە نەوتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "رێککەوتووین لەسەر بنەمایەکی یاسایی." 
 
"گفتوگۆکان ئێستا لەسەر بابەتە تەکنیکییەکانی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقن بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە." 
 
فوئاد حوسێن گەشبینی خۆی پیشانداوە کە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە تەکنیکییانە دەستپێبکەن و بە چەند رۆژێک رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. 
 
گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو. رۆژی 2ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەموواری یاسای بودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە کردە 16 دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت. 
 
فوئاد حوسێن لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەمە چانسی هەناردەکردنەوەی نەوت بە زووترین کات زیاد دەکات و کۆمپانیاکانیش رەزامەندییان لەسەر ئەو بڕە داوە.  
 
رۆژێک دوای هەمووارکردنەوەی یاسای بوجە لە پەرلەمانی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەغدا پلان بۆ هەناردەکردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەکات. 
 
لە ماوەی 22 مانگی راگرتنی هەناردەی نەوتدا، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستاوە. 
 
لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "23 تاوەکو 24 ملیار دۆلار."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە