هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا دوو یاداشتی کشتوکاڵی و گەشتیاری واژۆ دەکەن

15-02-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە رۆما
ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە رۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، کۆمپانیا ئیتاڵییەکان ئامادەییان نیشانداوە لە هەرێمی کوردستان کارگە بکەنەوە.
 
رۆژانی 11 و 12ی ئەم مانگە، کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە شاری رۆما بەڕێوەچوو و تێیدا باس لە هاوئاهەنگیی هەردوولا لە بواری ئابووری کرا.
 
شاندەکەی هەرێمی کورستان لە ئاستێکی باڵا بەشدار بوو، لەنێویاندا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان؛ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان. هەروەها مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانیش بەشداربوو؛ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە هەردوولاش بەشدار بوون.
 
مستەفا شێخ عەبدوڵرەحمان میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆکران.یاداشتی یەکەم لە یەکەمین رۆژدا لەنێوان دوو کۆمپانیای گەشتیاریی هەردوولا واژۆکرا. ئامانجی ئەم یاداشتە ناساندنی قەزای سۆران بوو وەک ناوچەیەکی گەشتیاری بۆ ئەورووپا و ئیتاڵیا.
 
گوتیشی، لە رۆژی دووەم یاداشتێکی دیکە واژۆکرا لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و سەنتەری "سیهێم باری"ـی ئیتاڵی بۆ کشتوکاڵ کە یەکێکە لە گەورەترین سەنتەرەکانی کشتوکاڵی لە جیهان و 12 وڵات تێیدا بەشدارن.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران باس لەوەش ەکات، یاداشتەکەی دووەم دوو تەوەری لەخۆگرتووە؛ چاندنی داری زەیتوون و پەرەپێدانی زەیتی زەیتوون. ئیتاڵیاش وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە رووی کشتوکاڵ و دەتوانێت لەو رووەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەشڵێت، یاداشتەکە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت تاوەکو بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت، لە کۆنفرانسەکەد گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئیتاڵیا کردووە کە کارگەیان هەیە و "داوامان کردووە بێن لە هەرێمی کوردستان کارگە بکەنەوە".
 
گوتیشی: "کۆمپانیاکان وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە و ئامادەییان دەربڕیوە و پێشتر روانگەیەکی ئەرێنییان لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەبووە؛ ئێمەش داوامان لێکردن بێن لە هەرسێ بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان کاربکەن".
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، گرنگە کارگەی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت، چونکە "ئێمە زیاتر بەکاربەرین و پێویستە کۆمپانیای وڵاتان کە ئەزموونیان هەیە، کارگەی ستراتیژیی دابمەزرێنن، ئەوەش بە هاوئاهەنگیی کۆمپانیا نێوخۆییەکان، جگە لەوەی هەلی کاری زۆر دەڕەخسێت. هەرێمی کوردستانیش لە رووی هەناردەکاری و زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆوە سوودمەند دەبێت."
 
لەبارەی ناردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق، مستەفا عەبدولڕەحمان دەڵێت، ئێستا تەنیا ئەو کارگانە بەرهەمەکانیان ناتوانن بنێرنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق کە تۆمارنەکراون یان مۆڵەتەکانیان نوێنەکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە بارێکی هەڵگرتووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی هەناردە بکرێت، وێنە: تایبەت بە رووداو

هاوردە و ناردنکاران: بەهۆی بڕیارێکی عێراقەوە هاوردە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق بازرگانانی هەرێمی کوردستانی ناچار کردووە، هەر کاڵایەک هاوردە بکەن تەنیا 72 کاژێر رێگەیان پێدەدرێت بیبەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.