رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی بەهۆی ئەگەری ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە دەتوانێت کۆتایی بە گەمارۆکانی سەر رووسیا بهێنێت دابەزی.
دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی هەینی سنووردابوو بەهۆی ئەوەی تیمە ئابوورییەکەی ترەمپ، سەپاندنی پێناسی گومرگیی پێچەوانەیان بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانیان دواخست.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی هەینی 28 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 55 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 0.37٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەمە هەفتەیە ئەندامانی کابینەکەی راسپاردووە، دەست بە دانوستاندن بکەن بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕی ئۆکراینا.
ئەگەر هاتوو شەڕی ئۆکراینا کۆتایی پێبێت، ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر رووسیا دێتە ئاراوە کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ گەڕانەوەی نەوتی رووسیا بۆ ناو بازاڕەکان.
لەلایەکی دیکەوە تیمی ئابووریی دۆنالد ترەمپ، سەپاندنی پێناسی گومرگییان دواخستووە و ئەوەش هەندێ پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە و بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی هەینی سنووردار بێت.
لێدوانەکانی سکات بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەتوانێت "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران جێبەجێبکات، کاریگەری هەبووە لە سنوورداربوونی دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی هەینی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ