نرخی نەوت و زێڕ دابەزی


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە 15-02-2023 بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی رۆژی سێشەممەی خۆی و بەهۆی زیادبوونی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیاتر دابەزی. هەروەها نرخی زێڕیش دابەزی. 
 
رۆژی سێشەممە نرخی نەوت 1 دۆلار دابەزی و ئەمڕۆش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت 10.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە زیادبوو نزیکەی 20 سەنت دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 85 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 19 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شارەزایانی وزە پێشبینییان دەکرد کە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا تەنیا بە بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل زیادبکات. بەڵام زیادبوونی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زۆر زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.
 
قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
 
نرخی نەوتی رۆژی سێشەممە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا نزیکەی 1 دۆلار دابەزیبوو.
 
نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1846 دۆلار
 
ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە رۆژی سێشەممە لەلایەن وەزارەتی کاری ئەمریکاوە بڵاوبووەوە دووبارە ناسەقامگیری خستە ناو بازاڕی زێڕ.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا زۆربەی شرۆڤەکاران پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و ئەوەش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕی بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە رۆژی سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1843 دۆلار، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخی زێڕ بەشێک لە زیانەکانی قەرەبووکردەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 1953 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی خۆی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1946 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە رێژەی 0.35٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1859 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێچەوانەی ئەوەی لە پێشبینی دەکرا، هەڵاوسان لە ئەمریکا هێندە دانەبەزیوە، بە تایبەتی لە ئاستی ساڵانەدا، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان چاوەڕێی بەردەوامی سیاسەتی تووندی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکەن.
 
سەرەڕای ئەوەش ئەگەری سستبوونەوەی ئابووری جیهان لە یەک مانگی رابردوودا پاڵپشتی بووە بۆ نرخی زێڕ، بەوپێیەی کە بە وەبەرهێنانێکی سەلامەت هەژمار دەکرێت. 
 
رۆژی سێشەممە وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند هەڵاوسان لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە ئەمریکا بە رێژەی 0.5٪ بەرزبووەتەوە و لە ئاستی ساڵانەشدا 6.4٪ بووە.