پەرلەمانى عێراق ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکەی بانکی رافیدەین بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکانى پەرلەمانى عێراق لەبارەى "دزینى 3.7 ترلیۆن دینار" (2.5 ملیار دۆلار)ـەکەى بانکى رافیدەین راپۆرتى کۆتایی ئامادە کردووە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 15ـى کانوونى یەکەمى 2022، بڵاوی بکاتەوە.
رۆژی 14ـى کانوونى یەکەمى 2022، خالید رێکانى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکان کە لە لیژنەى دەستپاکى پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریى دۆسیەى "دزینى 3.7 ترلیۆن دینار"ـەکەى بانکى رافیدەین راپۆرتى کۆتایی ئامادەکردووە".
خالید رێکانى ئاشکرای کرد، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 15ـى کانوونى یەکەمى 2022، ئەنجامى ئەو راپۆرتە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا بڵاوبکرێتەوە.
لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکان لە مانگى تشرینى یەکەمى رابردوو بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق پێکهێندرا لەبارەى "دزینى ئەو 3.7 ترلیۆن دینارە" کە پارەى هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجى عێراق بوو لە بانکى رافیدەین کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە برا و بە "دزیی سەدە" ناوى دەرکردووە.
رۆژی 14ـی کانوونى یەکەم، حەنان فەتلاوى، سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لیژنەى لێکۆڵینەوەى راستییەکانى دەستەکەى، 37 کۆبوونەوەى کردووە و میوانداریى 33 کەسایەتى کردووە بۆ ئەوەى گوتەیان لێ وەربگرن و دەڵێت: "راپۆرتەکە زۆر راستیى گرنگى تێدایە و دەیانخانە بەردەم دەسەڵاتى داوەرى و لایەنى جێبەجێکردن و دەستەى دەستپاکى و دیوانى چاودێریى دارایی و چەندین راسپاردەى تێدایە".
رۆژی 27ـى تشرینى دووەم، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق گەڕاندنەوەى بڕی یەکەمی "پارە دزراوەکە"ـى بانکى رافیدەینى راگەیاند کە 182 ملیار دینار بوو لەلای نوور زوهێر بوو، خاوەنى دوو لەو کۆمپانیایەى پارەکەیان بردبوو.
رۆژی 29ـى تشرینى دووەم، نوور زوهێر بە بڕیارى دادگە بە بارمتە ئازادکرا، تاوەکو لەماوەى دوو هەفتەدا ئەو پارەیەى بردوویەتى بیگەڕێنێتەوە کە 1.6 ترلیۆن دینار بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـى کانوونى یەکەمى 2022، دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى گەندەڵى، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بڕێکی دیکە لە "پارەی دزراوى بانکى رافیدەین" گەڕێندراوەتەوە بۆ ئەو بانکە و بڕەکەی 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینارە.