وەزارەتى دارایی عێراق: ژمێرەى کۆتایی بودجەى ساڵانی 2017 بۆ 2019 ئامادەکرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجەى ساڵانى 2017 بۆ 2019 ئامادەکراوە و کار لەسەر ئامادەکردنى ژمێرەى کۆتایی ساڵانی 2020 بۆ 2022 دەکەن.
رۆژی 13ـی تشرینى دووەمى 2023، وەزارەتى دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بۆ "یەکەمجار" ژمێرەى کۆتایی بودجەى ساڵانى 2017 بۆ 2019 ئامادەکراوە و نێرداوە بۆ دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بەمەبەستى وردبینیکردن تێیدا.
وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، کارکردن بۆ ئامادەکردنى ژمێرەى کۆتایی ساڵانى 2020 بۆ 2022 بەردەوامە.
ژمێرەى کۆتایی تایبەتە بە وردەکاریى داهات و خەرجیی بودجەى ساڵانە، کە لەساڵى 2014ـەوە نەنێردراوە بۆ پەرلەمان.
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى دارایی عێراق لەدواى ئەوە بوو، 12ـی تشرینى دووەم دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارێکى دژی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دا و پابەندی کرد بەوەى ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات.
بەگوێرەى بڕگەى سێى مادەى یەکەمی یاساى کارگێڕى دارایی ساڵى 2019، دەبێت لە 31ـی کانوونى یەکەمى هەموو ساڵێکدا ژمێرەى کۆتایی بودجە بۆ ئەو ساڵە پێشکێش بکرێت، کە داهات و خەرجى ئەو ساڵەى تێدابێت و پێویستە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە ئامادە بکرێت و بدرێتە حکومەت تاوەکو لەوێوە رەوانەى پەرلەمان بکرێت.