دانەگاز: هیچ قەرزێکمان لەلای هەرێمی کوردستان نەماوە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی دارایی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتی کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا بە رێژەی 27٪ بەرزبووەتەوە بۆ 334 ملیۆن دۆلار. دەشڵێت، هیچ قەرزێکیان لەلای هەرێمی کوردستان نەماوە.
 
لەبارەی بەرهەمهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کە لەماوەی رابردوودا بە هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاستی وەبەرهێنانیان فراوانکرد، دانەگاز دەڵێت، "ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 9 مانگدا بە رێژەی 7٪ بەرزبووەتەوە." قەبارەی بەرهەمهێنانیش بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 34 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت.
 
کۆمپانیای دانەگاز لە هەرێمی کوردستان و میسر لە بواری پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و گازی شل کاردەکات. لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە کۆی گشتیی داهاتی کۆمپانیاکە بە رێژەی 27٪ بەرزبووەتەوە بۆ 334 ملیۆن دۆلار. 
 
دانەگاز هەروەها رایگەیاندووە لەو ماوەیەدا تێکڕای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرزبووەتەوە بۆ 63200 بەرمیل هاوتای نەوت. لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دانەگاز 256 ملیۆن دۆلاری وەک شایستەی دارایی وەرگرتووە، جگە لە شایستە داراییەکان و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانی داهاتی دیکەی هەبووە.
 
دانەگاز ئەمڕۆ یەکشەممە 14-11-2021 راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان دانەگاز لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 131 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە. بەوپێیەش داهاتەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان لە 9 مانگدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 77٪ بەرزبووەتەوە.
 
کۆمپانیای دانەگاز جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە قەرزی کۆمپانیاکەی بۆ ساڵانی 2019 و 2020 لەسەرشان نەماوە. 
 
دکتۆر پاترین ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەنگاوەکانی کۆمپانیاکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی داهاتەکانی کۆمپانیاکە."
 
ئالمان وارد هەروەها رایگەیاند، پرۆژەی پەرەپێدانی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و زیادکردنی رۆژانە 250 ملیۆن پێی سێجا لە مانگی  4ـی ساڵی 2023 دەستبەکاردەبێت و دەگاتە قۆناخی بەرهەمهێنانی گاز.
 
کۆمپانیای دانەگاز لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر گاز بەرهەمدەهێنێت و سەرقاڵی پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە بە دووقۆناخ و پلانی هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەو کیڵگەیە تاوەکو چەند ساڵی داهاتوو بەرزبکاتەوە بۆ نزیکەی 1000 ملیۆن پێی سێجا.