دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان دواخرا
رووداو- هەولێر
دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.
ئیاس سامووک، گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەسەرۆکایەتی دادوەر مەدحەت مەحموود و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان دادگاکە، دادگای باڵای فیدراڵی، سەیری تانەی نادەستووریی بوونی دەرهێنان و راستەوخۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد.
گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی روونیکردەوە، دانیشتنەکە تایبەت بوو بە سەیرکردنی راپۆرتی شارەزایان، دادگا تێبینی ئەوەیکرد شارەزاکان راپۆرتێکی یەکگرتوویان پێشکەش نەکردوە، هەریەکیان رای جیاوازیان هەیە.
ئیاس سامووک دەڵێت: "بۆیە دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنەکەی دادگای بۆ رۆژی 9ـی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو دواخست بۆ ئەوەی شارەزاکان ئەرکەکەیان تەواوبکەن و 10 رۆژ پێش ئەنجامدانی دانیشنەکەی دادگا، راپۆرتێکی یەکگرتوو پێشکەش بکەن".