داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی پێشتر بۆ نیوە دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی هەفتەیەکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر، بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویکردەوە، لە 8ی حوزەیران تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024، داهاتی سنوورەکە 7 ملیار و 661 ملیۆن و 64 هەزار و 920 دینار بووە، لە کاتێکدا هەفتەی پێشتر 14 ملیار و 451 ملیۆن و 68 هەزار و 493 دینار بووە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی پێشتر، داهاتی سنوورەکە 46.98% کەمیکردووە.
داتاکان داهاتە نانەوتییەکانی خستووەتەڕوو. بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی نانەوتیی ئەو سنوورانە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 173 ملیار و 996 ملیۆن دینار بووە.
داهاتی نێوخۆ جگە لە خەرجیی فەرمانگەکان، پێشتر بۆ دابینکردنی ئەو کورتهێنانە خەرج دەکرا کە بۆ پێدانی مووچە دروست دەبوو. بەگوێرەی رێککەوتنی نوێی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا بەشێکی داهاتی نێوخۆی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکرێت.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافییەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ە.