هێرشی ئێران بەهای تمەنی زیاتر دابەزاند؛ 100 دۆلار بەرامبەر حەوت ملیۆن تمەنە

رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەهای تمەن زیاتر دابەزی و  100 دۆلار بە حەوت ملیۆن تمەنە، ئەوەش ئاستێکی مێژووییە لە دابەزینی بەهای ئەو دراوەی ئێران.

حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو 100 دۆلار بەرامبەر حەوت ملیۆن تمەن بوو، ئەمڕۆ بەهای نوێی دیاری نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ 100 دۆلار بە شەش ملیۆن و 470 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا.

بەپێی بازرگانانی دراو لە بازاڕی دراوەکانی تاران، خواست بۆ کڕینی دۆلار زیادیکردووە و لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی هەرات، کە وەکو سەرچاوەیەک بۆ گۆڕانکارییەکان لە بەهای تمەن و دۆلار دەناسرێت، خواست بۆ کڕینی دۆلار بە رادەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە.

هێشتا بازاڕی هەرات بەهۆی پشووی رۆژانی جەژنی رەمەزانەوە داخراوە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەکرێتەوە.

بازرگانانی دراو لە ئێران پێشبینییان کردووە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن هێشتا زیاتر بەرز دەبێتەوە.

بازرگانانی دراو دەڵێن، لە بازاڕدا فرۆشیاری دۆلار کەمبووەتەوە و هەموو بوونەتە کڕیار، ئەوەش خواستێکی زۆری بۆ دۆلار لە ناوخۆی ئێران دروستکردووە.

بە شێوازی نەریتی، دوو بازاڕی هەرات لە ئەفغانستان و و بازاڕی دراوەکانی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر بازاڕی ناوخۆیی ئێران دادەنێن و، سەرەتا نرخی دۆلار و تمەن لەو دوو بازاڕە ناوچەییەدا دەستنیشان دەکرێت.

شەوی رابردوو ئێران بە نزیکەی 300 درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل بێت، هێرشەکە زیانی ئەوتۆی نەبووە و تەنیا یەک کەس بریندار بووە.