شاندێکى وەزارەتى کارەبا بۆ 14 ملیۆن پێ سێجا گاز دەچێتە تورکمانستان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە شاندێکى وەزارەتى کارەباى عێراق سەردانى تورکمانستان بکات بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتە، کە بە گوتەى بەرپرسێکى ئەو وەزارەتە قەرەبووى 14 ملیۆن مەتر سێجا گازیان بۆ دەکاتەوە.
 
سەعد جاسم، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى وزە لە وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند: "دانوستاندن لەگەڵ تورکمانستان بەردەوامە، ئێمە هەموو رێوشوێنەکانمان تەواو کردووە، بەڵام چاوەڕێى هەندێک رەزامەندیى فەرمیى نێودەوڵەتین."
 
رۆژی 24ی ئابى 2023 شاندێکی وەزارەتى نەوتى عێراق لە تورکمانستان لەگەڵ شاندێکی کەرتى وزەى ئەو وڵاتە گەیشتنە رێککەوتنى بەرایی بۆ هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتەوە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
بەڕێوەبەرى وزە لە وەزارەتى کارەباى عێراق گوتى: "بەمنزیکانە سەردانی تورکمانستان دەکەین، بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە، کە قەرەبووى 14 ملیۆن مەتر سێجا گازمان بۆ دەکات".
 
بۆ خستنەکارى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، عێراق پێویستى بە هاودەکردنى گازە کە ئێستا لە کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە دەستەبەر دەکرێت، سەعد جاسم گوتى: "تاوەکو ئێستا هەناردەکردنى گاز لە ئێران نەوەستاوە، راگرتنى هەناردەى گاز بە هەر بڕیارێک بێت  لە بەرژەوەندیى هیچ لایەک نییە."
 
بە هاوردەکردنى کارەبا و گازى ئێرانەوە، عێراق دەتوانێت 27 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت، لە کاتێکدا لە وەرزى گەرما پێویستى بە نزیکەى 35 هەزار مێگاواتە. 
   
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى وزە لە وەزارەتى کارەباى عێراق ئاماژەى بەوەدا، گازى ئێران تەنیا سەرچاوەى هاوردەکردن بووە بەڵام "بڕیارى حکومەت و ئیرادەیەکى سیاسى هەیە" کە پشت بە چەندین سەرچاوە ببەسترێت بۆ هاودەکردنى گاز.
 
یەدەگى گازى عێراق 127.3 تریلیۆن پێ سێجایە کە 75% ى گازى هاوڵە و بە فیڕۆدەچێت. 
 
سەعد جاسم گوتى: "ئەگەر باس لە خراپترین ئەگەر بکرێت، ئەگەر گازى ئێران رابگیرێت، جێگرەوەمان هەیە لەوانە هاوردەکردنى گاز لە قەتەر و جەزائیر".