فەرەنسا داوای دادگاییکردنی HSBC دەکات


رووداو-BBC

داواکاری دارایی فەرەنسا داوایکردووە، کە لقی سویسرای بانکی HSBC لەسەر هەڵاتن لە پێدانی باج دادگایی بکرێت.

ئەو داواکارییە پاش ئەوە هات، کە لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی دارایی فەرەنسا دەریخستووە، کە 3 هەزار فەرەنسی لە پێدانی باج هەڵاتوون و سەرمایەکانیان لە بانکەکانی دەرەوە داناوە.

لە بەیاننامەیەکدا بانکی HSBC رایەگەیاندووە، کە وەها داواکارییەک شتێکی ئاساییەو ئەوە کەیسێکی دادوەرییە کە هێشتا ئاکامەکەی دیار نییە.

لقی سەرەکی بانکی HSBC لە بەریتانیا بە هەمان شێواز سکاڵایەکی لەسەر تۆمارکراوە.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سکاڵایە، بانکی HSBC مانگێک دەرفەتی لەبەردەمدایە، پاشان داواکاری دارایی فەرەنسا دیاریدەکات کە ئایا دانیشتنی دادگا بەڕێوەبچێت یان بە پێچەوانەوە سازش لەسەر ئەو کەیسە بکرێت.

رۆژنامەی فەرەنسی " لێ مۆند" ئاشکرایکردووە بانکەکە رەتیکردووەتەوە بە پێدانی 1.6 ملیۆن دۆلار سازش لەسەر ئەو کەیسە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فەرەنسا بکات.