حەواڵەى بازرگانیی نێوان عێراق و ئیمارات بە درهەم دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

حەواڵەى بازرگانیى نێوان عێراق و ئیمارات بە درهەم لەنێوان بانکەکانى هەردوو وڵات دەستپێدەکات لەکاتێکدا پێشتر سەرجەم ئەو مامەڵە بازرگانییانە بە دۆلار دەکران.
 
رۆژی 13ـی کانوونى یەکەمى 2023، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو رێککەوتنە لەنێوان عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندى بەوەکالەت و هەنا رۆستەمانى، سەرۆکى گرووپى بانکى ئەبوزەبى یەکەم کراوە.
 
بەگوێرەى رێککەوتنەکە، حەواڵەى دارایی نێوان هەردوو وڵات و پارەدارکردنى بازرگانی و هاوردەکردن بە دراوى ئیماراتى دەکرێت، لەرێگەى بانکە ئیماراتییەکەوە.
 
پێش ئەو رێککەوتنە، سەرجەم حەواڵەى دارایی نێوان عێراق و ئیماراتى عەرەبی، بە دۆلار دەکران، لەمەودوا درهەمى ئیماراتیش بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێندرێت.
 
رێککەوتنەکە لە قۆناخى یەکەمدا لە رێگەى پێنج بانکەوە دەکرێت، دواتر ژمارەى بانکەکان زیاتر دەکرێن، لە دواییدا بە پشتبەستن بە سەکۆى ئەلیکترۆنى، حەواڵەکردنى دارایی کەمدەبێتەوە.  
  
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی نێوان عێراق و ئیمارات ساڵانە زیاتر لە 16 ملیار دۆلارە، کە بەرهەمە نەوتییەکان و ئامێرى تەلیکترۆنى و کارەبایی زۆرینەى ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە پێکدەهێنێت.
 
بەهاى  100 درهەمى ئیماراتى زیاتر لە 35 هەزار دینارى عێراقییە، لەکاتێکدا نرخى فەرمى یەک دۆلارى ئەمریکى 1300دینارە.