بەهای دینار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 160 هەزار دینار و 600 دینار دەفرۆشرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەراورد بە رۆژانی رابردوو، بەهای دینار بەرزبووەوە. ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 160 هەزار و 600 دینار دەفرۆشرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، سەردار جەبار، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا بەراورد بە دوێنێ بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 160 هەزار و 600 دینار دەفرۆشرێت.
 
هاوکات حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 160 هەزار و 600 دینار بەردەستە بۆ فرۆشتن.
 
ئەمڕۆ چەندین جار بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار گۆڕانکاریی بەسەردا هات، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، 100 دۆلار بەرامبەر بە 161 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاژێر 12:00 نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەپێی بۆرسەی هەولێر، 100 دۆلار بەرامبەر بە 159 هەزار و 700 دینارە. 
 
رۆژی شەممە، لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 163 هەزار و 500 دینار فرۆشرا. دوێنێ بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 161 هەزار و 900 دینار فرۆشرا، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 166 هەزار دینار.
 
زیاتر لە ساڵێکە بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار لە نزمیدایە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت و 100 دۆلار دەداتە 132 هەزار دینار، بەڵام زۆرینەی پارەکەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە.