شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلوول لە بەغدایە


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی لە مووچەی مانگی نۆدا هەیە لە بەغدایە، دوای چارەسەرکردنی کورتهێنانەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی تەکنیکیی وەزارەتیان لە بەغدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی کە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول دروست بووە.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "بە ئەگەری زۆر کێشەی کورتهێنانەکە چارەسەر دەبێت." لەبارەی دابەشکردنی مووچەش ئەو سەرچاوەیە گوتی: "هەر لەم هەفتەیە مووچە دابەش دەکرێت".
 
رۆژی 4-10-2024 وەزارەتی دارایی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت کرد و لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
 
سەبارەت بە مووچەی مانگی نۆ، رۆژی سێشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار، بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.
 
وەزارەتەکە راشیگەیاندبوو: "لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دراوە لەم چەند رۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی مانگەکانی رابردوو بڕدرابوو، تاوەکو بتوانرێت کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلوولی پێ پڕ بکرێتەوە."
 
بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول 305 ملیار دینار کورتهێنان هەیە، چاوەڕێی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بنێرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەن.