وەزیری دەرەوەی نەمسا بۆ رووداو: کۆنسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی نەمسا لە هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند متمانەیان بە پێشکەوتنە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئاشکراشی کرد کۆنسوڵخانەی نەمسا لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "بە هاوبەشیی شاندێکی بازرگانی هاتووم و نامەکە زۆر روونە؛ ئێمە زیاترمان دەوێت؛ ئاڵوگۆڕی زیاتر، بازرگانیی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاتر." 
 
وەزیری دەرەوەی نەمسا دڵنیایی دا لەوەی کە ئەو لەگەڵ 10 کۆمپانیای نەمسایی لە هەرێمی کوردستانە "ئەوەش نیشانەی متمانەیە. متمانە بە سەقامگیری و بەرەوپێشچوونە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان."
  
دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: بەخێربێیت بۆ هەولێر. دەمەوێ بەوە دەستپێبکەم کە چۆن کەشوهەوا و بەرەوپێشچوونەکانی هەرێمی کوردستان دەبینیت؟ 
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ: ئەمە یەکەمجار نییە لێرەم، لە راستیدا گەڕاومەتەوە ئێرە. دوایینجار ساڵی 2015 بوو کە هاتمە ئێرە و پێشتریش چەند جارێک هاتبووم و زۆر خۆشحاڵم بەوە. هەولێر و ڤیەننا تەنیا لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵکو بە هاوڕێیەتییەکی درێژخایەن. هاووڵاتیی زۆری نەمساییش لەم هەرێمەدان و باشە کە لێرەم. زۆر سەرسامم بە پێشکەوتنە ئابوورییەکان و بە هاوبەشی شاندێکی بازرگانی هاتووم. نامەکە زۆر روونە و ئێمە زیاترمان دەوێت؛ ئاڵوگۆڕی زیاتر، بازرگانی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاتر. 
 
رووداو: ئەنجامی کۆبوونەوەکانی دوێنێتان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا چی بوون؟
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ: لە راستیدا رۆژێکی زۆر باش بوو. دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کۆبووینەوە و باڵیۆزخانەی نەمسامان لە بەغدا کردەوە. ساڵی 1991 پێویست بوو بەغدا بەجێبهێڵین بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەوە، بەڵام ئێستا نەمسا گەڕاوەتەوە بەغدا. بۆ ئێمە هەموو عێراق گرنگە، لەبەرئەوەی هەر بوومەلەرزەیەک کە لە عێراقدا رووبدات، ئێمە لە نەمساوە هەستیپێدەکەین کە دەکرێت ئاسایش، کۆچبەران، بەرەوپێشچوونی ئابووری یان وەبەرهێنان بێت. ئێمە سەرنجی زۆرمان لەسەر ژیان و سەرکەوتن و سەقامگیریی عێراق و خەڵکەکەی هەیە. 
 
رووداو: هیچ پلانێکتان هەیە کونسوڵخانەی گشتیی نەمسا لە هەرێمی کوردستاندا بکەنەوە؟ 
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ: ئەگەر تۆ پرسیارم لێبکەی کە ئایا وەکو وەزیری دەرەوە ئارەزوو دەکەم نوێنەرایەتیمان لە وڵاتانی دەرەوە بکەینەوە، بێگومان دەڵێم 'بەڵێ' و هیچ وەزیرێکی دەرەوەش ناڵێت 'نا'. هەنگاوی داهاتوومان پێویستە کونسوڵخانەی فەخریمان لە هەولێر و بەسڕە هەبێت. لە داهاتوودا کۆنسوڵخانەمان لە هەولێر و بەسڕە دەبێت و باڵیۆزخانەش لە بەغدا. 
 
رووداو: ئایا کوردستان ناوچەیەکی باشە بۆ کۆمپانیا نەمساییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکەن؟ 
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ: بەدڵنیاییەوە، لە راستیدا من لێرەم لەگەڵ 10 کۆمپانیای نەمسایی و ئەوەش نیشانەی متمانەیە. متمانە بە سەقامگیری و بەرەوپێشچوونە ئابوورییەکان لە هەرێمدا. ئێمە بەردەوام دەبین و کۆمپانیا نەمساییەکانیش دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن و پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین.