ئۆپێک: عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی زیادکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی ئۆپێک دەڵێت، بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە مانگی تەممووز رۆژانە نزیکەی 216 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردووە و گەیشتووەتە 28،896 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمەش بە پشتیوانی حەوت وڵات بووە کە عێراق یەکێکیانە. 
 
بەپێی راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی ئۆپێک، زۆرترین زیادە لەلایەن سعودیەوە بووە کە بەرهەمی نەوتی رۆژانەی 158 هەزار بەرمیل زیادکردووە و گەیشتووەتە 10.714 ملیۆن بەرمیل رۆژانە؛ دواتر ئیمارات 48 هەزار و کوێت 47 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان زیادکردووە. 
 
لەبارەی عێراقەوە، ئۆپێک دەڵێ، عێراق رۆژانە بەرهەمی 30 هەزار بەرمیل نەوتی زیادکردووە و گەیشتووەتە 4،496 ملیۆن بەرمیل.
 
هاوکات، گابۆن 14 هەزار بەرمیل و گینیا 13 هەزار و نایجیریا رۆژانە 6 هەزار بەرمیل نەوتیان زیادکردووە.
 
وەک لە راپۆرتەکەی رێکخراوی ئۆپێکدا هاتووە، گەورەترین دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت ڤەنزوێلا بووە و رۆژانە 49 هەزار بەرمیل نەوتی کەمبووەتەوە و بەرهەمی رۆژانەی 661 هەزار بەرمیلە، دواتر ئەنگۆلا 19 هەزار بەرمیل و لیبیا 11 هەزار بەرمیل و کۆنگۆ 6 هەزار و جەزائیر 3 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان کەمبووەتەوە.  
 
رۆژی 3ـی ئابی 2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئۆپێک پڵەس کار لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکانی جیهانیی نەوت دەکات و کار بۆ کەمکردنەوەی قورسایی ئەو رکابەرایەتییە ئەمنی و سیاسی و تەندروستییانە دەکات کە رووبەڕووی جیهان بووەتەوە، جگە لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان داوا و خستنەڕوو."
 
عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی ئەندامی ئۆپێک. رۆژی 1ـی ئابی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق داتاکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت - سۆمۆی تایبەت بە بڕی نەوتی هەناردەکراو و فرۆشراوی مانگی تەممووزی رابردووی بڵاوکردەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، لە مانگی رابردوودا عێراق 10 ملیۆن و 385 هەزار و 49 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و بەهای نەوتە فرۆشراوەکەش 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بەپێی وەزارەتەکە، لە مانگی رابردوودا عێراق 99 ملیۆن و 965 هەزار و 94 بەرمیلی لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە کردووە و لە کێڵگەکانی کەرکووکیشەوە و بە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە 2 ملیۆن و 344 هەزار و 536 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانەشی 3 ملیۆن و 303 هەزار بەرمیل بووە؛ بەرمیلێک نەوتیشی بە 103 دۆلار و 60 سەنت فرۆشتووە.