بانکى ناوەندیى عێراق قەبارەى حەواڵەى نێوخۆیی دینار سنووردار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکى ناوەندیى عێراق، قەبارەى حەواڵەکردنى دینار لە نێوخۆدا دیاری دەکات، کە نابێت لە رۆژێکدا لە قەبارەى سەرمایەى کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو زیاتر بێت.
 
ئەو رێنوێنییەى بانکى ناوەندى، بە نووسراوێک لە 10ى تەممووز ئاڕاستەى کۆمپانیاکانى دراوى هەردوو جۆرى (A,B) و کۆمپانیا نێوەندگیرەکانى جۆرى (C) کراوە و واژۆى عەممار حەمەد خەڵەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندیى لەسەرە.
 
بانکى ناوەندیى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، نابێت حەواڵەى نێوخۆیی بە دینار لە رۆژێکدا قەبارەى سەرمایەى کۆمپانیاکەى ئاڵوگۆڕى دراو تێپەڕێنێت. بە پێویستیشی زانیوە گرنگى بە رێوشوێنەکانى خۆپاراستن بدەن کە لە یاسای بنەبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆردا هاتووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو نووسراوە پەیوەندیدارە بە حەواڵەى نێوخۆییەوە و بەشێکى حەواڵەکان بە دینار دەکرێت، بۆئەوەى دۆلارى پێ بکڕدرێت."
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت کۆپییەکى کارتى نیشتمانى و ژمارە تەلەفۆنى ئەو کەسانە وەربگیرێت کە حەواڵەکان دەکەن.
 
سۆران عومەر گوتى، "بانکى ناوەندی دەیەوێت ئەو مامەڵە نێوخۆییە و قەبارەى ئاڵوگۆڕەکە بۆ کڕینى دۆلار رێکبخاتەوە. بۆ نموونە؛ کەسێک نەتوانێت یەک ملیۆن دۆلار بکڕێت و دینارى بۆ حەواڵە بکات."