وەزیری نەوتی ئێران: گرێبەستی هەناردەکردنی گاز و کارەبا بۆ عێراق بۆ پێنج ساڵ نوێ دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق گرێبەستی هاوردەکردنی گاز و کارەبای لەگەڵ ئێران هەیە و وەزیری نەوتی ئێرانیش دەڵێت، ماوەی ئەو گرێبەستانە کۆتاییان هاتووە و رێککەوتوون بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە نوێیان بکەنەوە.
رۆژی شەممە، 13-05-2023 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا رێککەوتنی لە بوارەکانی کارەبا، نەوت، گاز و پیترۆکیمیایی واژۆکردووە.
جەواد ئەوجی رۆژی 10ـی ئایار بە سەرۆکایەتیی شاندێکی ئێرانی گەیشتە بەغدا و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری نەوت و وەزیری کارەبای عێراق، لێکتێگەیشتنێکیان لە بوارەکانی گاز، نەوت و پیترۆکیمیایی واژۆکرد.
وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، "یەک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی سەردانەکەم بۆ عێراق، نوێکردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنی کارەبا و گازە بۆ ئەو وڵاتە. لەگەڵ وەزیری کارەبای عێراق رێککەوتووین و دوای تەواوبوونی کارە تەکنیکییەکان، گرێبەستەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە نوێ دەکرێنەوە".
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، حکومەتی عێراق نزیکەی 18 ملیار دۆلار قەرزداری تارانە و نزیکەی 11 ملیاری ئەو قەرزەش، پارەی گاز و کارەبایە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، بانکەکانی عێراق ناتوانن ئەو قەرزە بدەنەوە.
بەپێی رێککەوتنی نێوان تاران و بەغدا، دەبێت ئێران رۆژانە 55 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی عێراق بکات، بەڵام ئەو بڕە لە وەرزی گەرما و بەهۆی پێداویستی نێوخۆی ئێرانەوە دادەبەزێت بۆ 45 ملیۆن مەتری سێجا.
هەر بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبێت ئێران رۆژانە 1500 مێگاوات کارەبا بداتە عێراق، بەڵام ئەویش لە وەرزی گەرمادا بۆ 1000 مێگاوات دادەبەزێت.
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست، رۆژانە 60 ملیۆن مەتری سێجا گازی پێویستە.
عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیانی لە ئێرانەوە گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەردوو پارێزگای بەغدا و بەسرە دابیندەکات.
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی ئێران، یەک لەسەر سێی گاز و کارەبای عێراق، لەلایەن ئێرانەوە دابیندەکرێت.